پوخته‌ى ناوه‌ڕۆكى راپرسى ده‌زگاى وارڤین له باره‌ى توندوتیژى و رۆڵى یاسا
هه‌ولێر- وارڤین – KDP.info/ ده‌زگاى وارڤین بۆ پرسه‌كانى ژن، له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 1ى ئاب – ئۆگستى 2013، له میوانخانه‌ى چوارچرا، له شارى هه‌ولێر،ئه‌نجامى ئه‌و راپرسیه‌ى خسته‌ڕوو، كه ده‌زگاكه له ژێر ناونیشانى "توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و رۆڵی یاسا" له ناوه‌ندى هه‌رسێ پارێزگاى هه‌رێم ئه‌نجامیداوه.
راپرسییه‌كه‌ى ده‌زگاى وارڤین، گرنگیه‌كه‌ى له‌وه‌دایه كه راده‌ى ئاشنایه‌تى ژنان به یاساكان و په‌نابردنیان بۆ یاسا له كاتى بوونى كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیدا به وردى ده‌ستنیشانكردووه.
راپرسیه‌كه ده‌بێته یه‌كێك له سه‌رچاوه گرنگه‌كانى كارى رێكخراوه‌یى تایبه‌ت به ژنان له هه‌رێمى كوردستان و ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه و توێژه‌ران و رێكخراوه‌كانى ژنان و دامه‌زراوه ره‌سمییه‌كان ده‌توانن لێى به‌هره‌مه‌ند بن و له دانانى به‌رنامه و ستراتیژى كاركردنى خۆیان پشتى پێ ببه‌ستن.
ئامانجەكانی راپرسى
له باره‌ى ئامانجه‌كانه‌وه، ده‌زگاكه نوسیویه‌تى: هەوڵدراوە بە نیگایەكی بێلایەن، بێ دەمارگرژی ئایینی، فەرهەنگی، سیاسی یان نەتەوەیی و مرۆیی بە پاڵپشتی زانست و پێشینەی كار و ناسینی لایەنەكانی كۆمەڵگا ئەم توێژینەوە ئەنجام بدرێت. ئامانجەكان بریتیبوون لە:
یه‌كه‌م: تیشك خستنە سەر روانینی ژنان بۆ توندوتیژی رادەی ئاگا‌داربوو‌نیان لە یاساكان.
دووه‌م: دەرخستنی رێژە‌ی متمانە بە بنەماڵە و كۆمەڵگە و یاساكان و لایەنی حكومی و ریكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی.
سێیه‌م: دەرخستنی رێژە‌ی بەربڵاوی توندوتیژی حاڵەتە باوەكانی توندوتیژی لە كۆمەڵگە.
چواره‌م: جۆری چارەسەركردنی گرفتی توندوتیژی و هەروەها ئامانجی دیكە.
زانیاری توێژینەوە
شوێن: هه‌رێمی کوردستان، شاره‌کانی، هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆک
ژماره‌ی به‌شداربووان: 1000که‌س
ماوه‌ی راپرسی: 6مانگ
ژماره‌ی گشتی ستافه‌کان:12
زانیارییە گشتییەكان
زۆربەی گرووپی وەڵامدەرەوەكان تەمەنیان لەنێوان 26 تا 35 ساڵی دا بووە، بە رێژە‌ی كەمتر لە سەدا 13 فەرمانبەر بوون. زۆربەیان ئاستی خوێندەوارییان دواناوەندی بووە و خێزانداربوون. بەپێی وەڵامەكانیان بەگشتی باری ئابووری خێزانەكانیان مامناوەند بووە، واتە زۆربەیان لە چینی ناوەڕاست بوون.
دەركەوتنی ئەم حاڵەتە مامناوەندییە خۆی نیشانەی دروستبوونی هەڵبژاردنەكان بووە لە گەڕەك، گرووپ، تەمەن و ئاستە ناڕێكەكان كە هەوڵدرابوو هەڵبژاردەكان گشتگیر و زانستی و بەپێی میتۆدی تایبەت بێت.
مێتۆدی توێژینەوە
بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە لە مێتۆدی كتێبخانەیی، راپرسی و داتا‌و شیكاری، هەروەها لە توێژینەوەی بابەتیSubjective Research كەڵك وەرگیراوە.
داتای تایبەتی هەر شار ئامادەكراوە و كۆی گشتی داتاكان هەڵسەنگێندراوە. توێژینەوە لەسەر بنەمای یەكگرتوو‌یی پییەرسۆنPierson Solidarity پێكهاتووە.
بگۆڕی سەربەخۆ: توندوتیژی
بگۆڕی گرێ‌دراو: ژن لە هەرێمی كوردستان
نموونەكە لە سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك وەرگیراوە كە لەڕووی كارگێڕییەوە سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانن. نموونەكە بەپێی پێوەرە ئامارییەكان لە نموونە جۆری گەورە دادەنرێت چونكە لە 1000 ژن پێكهاتووە لە هەر سێ ناوەندی پارێزگا و بەپێی رێژە‌ی دانیشتووانی هەر شارێك بەسەریاندا دابەش كراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر گوزارشت لە كۆمەڵگەكە بكات. نموونەكە تەنیا لە هەر سێ شاری گەورەی هەولێر، سلێمانی و دهۆك وەرگیراوە. ئەویش لەبەرئەوەی ئەمڕۆ ئەم شارانە زۆربەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لەخۆدەگرن. هەر یەكێك لەو شارانە لە قۆناغی یەكەمدا بەسەر چەند كەرتێكدا دابەشكراون و لە قۆناغی دووهەمدا لە هەر یەكێك لەو كەرتانە گەڕەكێك یان زیاتر وەرگیراوە و لە قۆناغی كۆتاییشدا لە هەر یەكێك لەو گەڕەكانە بەشێوەیەكی هەڕەمەكی كۆمەڵە ژنێك وەك نموونە وەرگیراون.
رەوشی ژن لە كوردستان و گرنگی توێژینەوە
گریمانەی توێژینەوە:
ئاستی توندوتیژی لە كۆمەڵگە بەربڵاوە، ژن لە چەمكی توندوتیژی تێگەیشتوون بەڵام بەتەواوی ئاگاداری رێگەچارەكان نین و متمانەی زۆریان بە رۆڵى پراكتیكی یاسایەكی پارێزەر نییە.
پرسیاری سەرەكی توێژینەوە:
ئایا ژنان بۆ چارەسەركردنی توندوتیژی متمانە بە خۆیان، پیاوانی بنەماڵە یان حكومەت و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەن؟
پرسیاری لاوەكی توێژینەوە:
بە چ ئاستێك ئەم متمانە دابەش دەبێت و كام رێگەیانە بگرینەبەر؟
پاش ساڵانێكی زۆر لە هەوڵی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، چالاكییەكانی بەشە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەریمی كوردستان و تێپەرینی زەمەن و گۆڕانی نەوەكان جارێكی‌تر پێویستمان بە ئاوڕدانەوە لە پرسی توندوتیژی دژ بە ژن هەیە. ساڵی 2011 یاسای بەرەنگاری خێزان لە توندوتیژی دژ بە ژن، لە پەرلەمان پەسەند كرا و لە چەند لایەنی جیاوازەوە دەست بە جێبەجێكردنی یاساكە كراوە.
هۆكاری گرفت و دژوارییەكانی ژیان
یه‌ک: كێ هۆكاری گرفت و دژوارییەكانی ژیانت بووە؟
1 خۆم %16.
2 بنه‌ماڵه‌که‌م %21.
3 کۆمه‌ڵگا و دابونه‌ریت %36.
4 قه‌زا و قه‌ده‌ر %27.
زۆرینه‌ى به‌شداران له‌و بڕوایه‌دان كۆمه‌ڵگه و داب‌و نه‌ریته‌كان هۆكارى كێشه‌كانن و جێى سه‌رنجیشه كه %27 بڕوایان وایه ئه‌وه‌ى تووشى بوونه هۆكاره‌كه‌ى "قه‌زاو قه‌ده‌ره"، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى بۆ باوه‌ڕى باوى كۆمه‌ڵگه به ئاین ده‌گه‌ڕێته‌وه و تێبینى ده‌كرێت له‌و رێژه‌یه‌ش له ناو به‌شداربووانى سلێمانى كه‌مترین بڕوا به قه‌زاو قه‌ده‌ر هه‌یه و رێژه‌كه‌ى %21ه، به‌ڵام له دهۆك زۆرترین به‌شدار بڕواى به قه‌زاو قه‌ده‌ر هه‌یه و رێژه‌كه‌ى %34ه و له هه‌ولێر كه ئاین و دیارده‌ى ئایندارى زیاتر به‌چاو ده‌كه‌وێت رێژه‌كه %29یه.
هێز و توانای چارەسەری كێشەكان
دوو: توانای چارەسەركردنی كێشەكانت هەیە؟
1 هیچ توانایه‌ک له خۆمدا نابینم %18.
2 به یارمه‌تی که‌سانی دیکه ده‌توانم %43.
3 به‌ڵێ ده‌توانم چارسه‌ریان بکه‌م % 27.
4 بۆم گرنگ نییه چیان لێ دێت %12.
به گوێره‌ى ئه‌م ئه‌نجامه زۆرینه‌ى ژنان چاویان له هاوكارییه و ئه‌مه‌ش ئه‌رك و رۆڵى رێكخراوه‌كانى ژنان زیاتر ده‌كات و جێى سه‌رنجه %12ى به‌شداران بێهیوان و ئومێدیان به چاره‌سه‌ر نیه و بۆیان گرنگ نیه چیان لێ دێت و گریمانه ده‌كرێت به‌شێك له‌وانه‌ى په‌نا بۆ خۆكوشتن و خۆسووتاندن ده‌بن له‌م توێژه بن كه هیوایان به چاره‌سه‌ر نه‌ماوه.
رۆڵی پیاوانی بنەماڵە
سێ: ئایا پیاوانی بنه‌ماڵه‌که‌ت ده‌توانن له‌چاره‌سه‌ری گرفته‌کاندا یارمه‌تیده‌رت بن؟
1 ناتوانن یارمه‌تیده‌ر بن %28.
2 له هه‌ندێ کاتی پێویستدا ده‌توانن %34.
3 به‌ڵێ ده‌توانن % 21.
4 له گرفته‌کان ئاگاداریان ناکه‌مه‌وه بۆیه ده‌ور نابینن %17.
به گوێره‌ى ئه‌م ئه‌نجامه به‌شێكى ژنان له كاتى بوونى كێشه‌دا ته‌نانه‌ت ئاماده نین و ناتوانن پیاوانى بنه‌ماڵه‌یان واته باوك و برا له كێشه‌كانیان ئاگادار بكه‌نه‌وه و %28یش ده‌ڵێن ناتوانن هاوكار بن. زۆرینه ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن ناتووانن یارمه‌تیده‌ر بن، دانیشتووى دهۆكن و زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن له هه‌ندێك كاتى پێویست ده‌توانن دانیشتووى هه‌ولێرن و زۆرینه‌ى ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن ئاگاداریان ناكه‌مه‌وه دانیشتووى سلێمانیین.
هەستكردن بە بەختەوەری
چوار: ئایا به گشتی له ژیانتدا هه‌ست به به‌خته‌وه‌ری ده‌که‌ی؟
1 نا، به هیچ شێوه‌یه‌ک %18.
2 که‌م تا کورتێک %35.
3 به‌ڵێ هه‌ستی پێ ده‌که‌م %33.
4 بیرم لێ نه‌کردووه‌ته‌وه %14.
له ناو ئه‌و رێژه‌یه‌ى كه هه‌ست به به‌خته‌وه‌رى ده‌كه‌ن، %39ى به‌شدارانى دهۆك هه‌ست به به‌خته‌وه‌رى ده‌كه‌ن، كه به‌رزترین رێژه‌یه و له سلێمانیش نزمترین ئاسته كه ته‌نیا %28ى به‌شداران هه‌ست به به‌خته‌وه‌رى ده‌كه‌ن.
توندوتیژی
پێنج: به‌ڕای تۆ توندوتیژی چییه؟
1 لێدان و ئازاری جه‌سته‌یی %12.
2 سووکایه‌تی و ئازاری رۆحی %32.
3 هه‌م ئازار‌و لێدانی جه‌سته‌یی، هه‌م ئازاری رۆحی %50.
4 هیچ روانگه‌یه‌کم نییه و نازانم چییه %6.
به‌شێك له‌و ژنانه‌ى به‌شداریان كردووه به رێژه‌ى %6 هیچ زانیارى و تێگه‌یشتنێكى ئه‌وتۆیان له باره‌ى توندوتیژییه‌وه نیه، ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌وان نیشته‌جێى ناوه‌ندى شاره گه‌وره‌كانن.
نزیكبووون لە توندوتیژی
شه‌ش: هه‌ست به‌وه ده‌که‌ی توندوتیژی له تۆوه نزیکه؟
1 توندوتیژی بەسەر خۆمدا هاتووە %26
2 شایەتی بووم كە بەسەر ژنانی دیكەدا هاتووە %28.
3 هەم بەسەر خۆمدا هاتووە و هەمیش بەسەر زۆرێك لەوانەی كە دەیانناسم %33.
4 پێموانییە لە من نزیك بێت و رەنگە زۆر گەورەی بكەنەوە %13.
به گوێره‌ى ئه‌م ئه‌نجامه زۆرینه‌ى ره‌هاى ژنان هه‌م خۆیان و هه‌م كه‌سانى ده‌وروبه‌ریان كه ده‌یانناسن توندوتیژیان به‌رامبه‌ر كراوه. له سلێمان زۆرینه وتویانه به‌سه‌رخۆماندا هاتووه و شایه‌تى بووین و دواتر هه‌ولێر پله‌ى دووه‌مى هه‌یه و دهۆك كه‌مترین رێژه‌ى به‌شداران ئه‌و وه‌ڵامه‌یان داوه‌ته‌وه. به‌ڵام به‌شداران دهۆك به پله‌ى یه‌كه‌م وتویانه هه‌م به‌سه‌ر خۆمدا هاتووه و هه‌میش به‌سه‌ر زۆرێك له‌وانه‌ى ده‌یان ناسم هاتووه.
بەربڵاوی توندوتیژی
حەوت: رادەی بەربڵاوی توندوتیژی چ سەبارەت بە خۆت و بێت یان ئەوانەی كە شاهیدی بوویت چەندە؟
1 به‌ربڵاوه و به درێژایی ته‌مه‌نه %29.
2 پاش زه‌واج زیاد ده‌کات %32.
3 هه‌ندێجار روو ده‌دات %31.
4 زۆر که‌مه‌و هه‌ڵه له‌لایه‌ن ژنانه‌وه رووده‌دات %8.
جێى نیگه‌رانیه زۆرینه بڕوایان وایه توندوتیژى له دواى هاوسه‌رگیرى زیاد ده‌كات، ئه‌وه‌ش جێى خۆشحاڵیه كه كه‌مترین رێژه بڕوایان وایه هه‌ڵه له لایه‌ن ژنانه‌وه‌یه، ئه‌م ئه‌نجامه‌ش راسته‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى سه‌ره‌تا خرایه روو، كه ژنان زۆرینه‌یان بڕوایان وابوو، كۆمه‌ڵگه و به‌ندوباوه‌كانى هۆكارى سه‌ره‌كى توندوتیژین.
بیستنی هەواڵی توندوتیژی بۆ دوایینجار
هه‌شت: دوایینجار که‌ی هه‌واڵی توندوتیژیت بیستووه یان بینیوته؟
1 له‌ماوه‌ی 3مانگی رابردوو %19.
2 له‌ماوه‌ی 6مانگی رابردوو %26.
3 له‌ماوه‌ی 1مانگی رابردوو %31.
4 له مێژه نه‌مبیستووه و نه‌مبینیوه %24.
دواجار كە توندوتیژیت بەرامبەر كراوە
نۆ: دوایینجار که‌ی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به خۆت کراوه؟
1 هه‌فته‌ی رابردوو %18.
2 یه‌ک تا دوو مانگی رابردوو %35.
3 شه‌ش تا هه‌شت مانگیرابردوو %27.
4 ساڵی رابردوو %20.
جۆری توندوتیژی
ده: دوایینجار چ جۆره توندوتیژییه‌کت به‌رامبه‌ر کراوه؟
1 جه‌سته‌یی و لێدان %20.
2 رۆحی وبرینداركردن به‌قسه و سووکایه‌تی %45.
3 ئابووری و گوشارخستن %22.
4 دوورخستنه‌وه له خێزان و کۆمه‌ڵگا%13.
زۆرترین رێژه‌ى به‌شداران رووبه‌ڕووى جۆره‌ى دووه‌م بوونه‌ته‌وه كه توندوتیژى روحى و ده‌روونیه، له ناو ئه‌و به‌شداربوانه‌شدا زۆرینه‌یان به ڕێژه‌ى %50 دانیشتووى هه‌ولێرن و ئه‌نجامه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه له سلێمانى زۆرینه‌ى به رێژه‌ى %30ى به‌شداران رووبه‌ڕووى توندوتیژى جه‌سته‌یى و لێدان بوونه‌ته‌وه و له باره‌ى توندوتیژى ئابووریشه‌وه زۆرینه‌ى به‌شدارانى هه‌ولێر رووبه‌ڕووى ئه‌و كێشه‌یه بوونه‌ته‌وه.
توندوتیژی سێكسی
یازده: خۆت یان ژنانی ده‌وربه‌رت تووشی توندوتیژیی سێكسی بوونه؟
1 به‌ڵێ زۆرجار، به‌ڵام باسم نه‌کردووه %22.
2 تووشی نه‌بووم، به‌ڵام ده‌زانم ژنانی دیکه تووشی بوون %41.
3 له پێوه‌ندیی نێوان ژن و مێردایه‌تیدا ئاساییه %16.
4 هیچ روانینێکی تایبه‌تم نییه و بۆم روون نییه %21.
جێگه‌ى سه‌رنجه به‌هۆى نه‌بوونى وشیارى تایبه‌ت به مافه‌كانى ژن، %16ى ژنانى به‌شدار، بڕوایان وایه توندوتیژى سێكس له نێوان ژن و مێرددا ئاساییه و به رێژه‌ى %21یش هیچ زانیارییه‌كیان له‌و باره‌یه‌وه نیه.
له‌ناو ئه‌و ژنانه‌ى پێیان ئاساییه توندوتیژى سێكسى له لایه‌ن هاوسه‌ره‌كانیانه‌وه ئه‌نجام بدرێت، زۆرینه‌یان دانیشتوو دهۆكن و رێژه‌كه‌یان %19 یه و له سلێمانى رێژه‌كه‌یان %16 و له هه‌ولێر كه‌مترین رێژه‌یه كه %14یه.
خەتەنە
دوازده: ئایا له منداڵی‌دا خه‌ته‌نه کراوی؟
1 به‌ڵێ %37.
2 نه‌خێر %54.
3 نازانم %7.
4 گومانم هه‌یه %2.
هه‌رچه‌نده زۆرینه وه‌ڵامیان به نه‌خێر داوه‌ته‌وه، به‌ڵام جێى سه‌رنجه كه له %7 به نازانم وه‌ڵامیان داوه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ى ئه‌و رێژه‌یه هیچ زانیارییه‌كیان له باره‌ى جه‌سته‌ى خۆیانه‌وه نیه، له‌و رێژه‌یه‌ى وتویانه به‌ڵێ، زرینه‌یان نیشته‌جێى هه‌ولێرن و كه‌مترینیان له دهۆكن.
ئه‌وانه‌ى وه‌ڵامیان به نه‌خێر داوه‌ته‌وه زۆرترینیان له دهۆك و كه‌مترینیان له هه‌ولێرن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ى وه‌ڵامیان به نازانم داوه‌ته‌وه زۆرترینیان له سلێمانین.
حاڵەتە ترسناكە باوەكان
سێزده: له نێوان حاڵه‌ته ترسناکه‌کانی کۆمه‌ڵگادا کامیان زیاتر باوه؟
1 خۆسووتاندنی ژنان باوتره %25.
2 کوشتنی ژنان به تاوانی شه‌ره‌ف باوتره %20.
3 خۆسووتاندن و کوشتن، به‌بێ جیاوازی %46.
4 رێژه‌ی حاڵه‌ته‌کان که‌مه و ریکلامه له لایه‌ن رێکخراوه‌کانی ژنانه‌وه %9.
رۆڵى لایەنەكان لە باسكردنی توندوتیژی دا
چوارده: چ لایه‌نێک بۆ باس و ئاشکراکردنی توندوتیژی به‌رامبه‌ر به ژنان رۆڵی گرنگتر و زیاتری بووه؟
1 حکوومه‌ت %15.
2 رێکخراوه‌کانی ژنان %36.
3 ژنان خۆیان هۆشیار بوونه‌ته‌وه %23.
4 میدیاکان %26.
له كاتێكدا حكومه‌ت بودجه‌ى ئاوڕى جدى له ژیانى رێكخراوه‌یى ژنان ناداته‌وه و بودجه‌ى ده‌زگایه‌كى ژنانى وه‌ك ده‌زگاى وارڤینى بۆ ماوه‌ى زیاتر له 2 ساڵه بڕیوه، به‌ڵام زۆرینه‌ى ژنانى به‌شدار ده‌ڵێن رێكخراوه‌كانى ژنان رۆڵیان بینیوه له ئاشكراكردنى توندوتیژى، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات كه به پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى له باره‌ى رێكخراوه‌كانه‌وه ده‌گوترێت ئه‌و رێكخراوانه توانیویانه په‌رده له‌سه‌ر توندوتیژیه‌كان هه‌ڵبماڵن.
پەنا بۆ كێ دەبەی
پازده: له‌کاتی توندوتیژیدا کام لایه‌ن ئاگادار ده‌که‌یته‌وه؟
1 پۆلیس و لایه‌نی حکومی %16.
2 رێکخراوی ژنان و چالاکوانان %31.
3 یه‌کێک له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌م %28.
4 که‌س ئاگادار ناکه‌مه‌وه %25.
دەنگهەڵبڕین
شازده: گه‌ر ببیته قوربانی توندوتیژی تا چ راده‌یه‌ک ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕی؟
1 به‌رده‌وام و خێرا ده‌نگهه‌ڵده‌بڕم %17.
2 هه‌ندێکجار ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕم %38.
3 زۆر که‌م ده‌نگ هه‌ڵده‌برم %32.
4 به هیچ شێوه‌یه‌ک باسی ناکه‌م %13.
لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت زۆرینه‌ى ژنان یان زۆر كه‌م ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕن، یاخود به هیچ شێوه‌یه‌ك باسى ناكه‌ن. زۆرترین ژنى به‌شدار له هه‌ولێر به رێژه‌ى %7 وتویانى ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕم و له دهۆك زۆرترین ژنى به‌شدار به رێژه‌ى %28 وتویانه ده‌نگ هه‌ڵده‌بڕم. له خانه‌ى (به‌هیچ شێوه‌یه‌ك باسى ناكه‌م) هه‌ولێر له پێشه‌وه‌یه و %15 وتویانه به هیچ شێوه‌یه‌ك باسى ناكه‌م و سلێمانى به رێژه‌ى %10 كه كه‌مترینه ئه‌و وه‌ڵامه‌یان هه‌ڵبژاردووه.
هۆشیاری بەرامبەر بە یاسا
حه‌ڤده: تا چ راده‌یه‌ک ئاگاداری له بوونی یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژ به ژنان له هه‌رێمی کوردستان؟
1 تا راده‌یه‌کی باش ئاگادارم %11.
2 له هه‌ندێ بابه‌ت و ناوه‌رۆکی ئاگادارم %18.
3 ته‌نها ده‌زانم وه‌ها یاسایه‌ک هه‌یه %28.
4 به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاگاداری نیم %43.
كه‌واته كه‌مترین رێژه‌ى ژنانى به‌شدار ئاگادارى بوونى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژین و ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت و بانگه‌شه‌كانى بایه‌خدان به پرسى ژن ته‌نیا رووكارێكى راگه‌یاندییان وه‌رگرتووه و دانه‌به‌زییون بۆ ناو كۆمه‌ڵگه و حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانى ته‌نیا له كۆڕ‌و كۆنفرانسه‌كاندا وه‌ك بانگه‌شه‌یه‌ك باسى ده‌ستكه‌وتى گه‌وره بۆ ژن ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ى ئه‌وان به ده‌ستكه‌وتى گه‌وره هه‌ژمارى ده‌كه‌ن، ژنان به رێژه‌ى %43 لێى بێ ئاگان و به رێژه‌ى %28یش ده‌لێن ته‌نیا بیستوویانه وه‌ها یاسایه‌ك هه‌یه.
له رووى شوێنه‌وه له سلێمانى وه‌ڵامى پرسیارى یه‌كه‌م (تا راده‌یه‌كى باش ئاگادارم) پله‌ى یه‌كه‌مى هه‌یه و له هه‌ولێر كه ساڵانه حكومه‌ت چه‌ندین كۆڕ و كۆنفرانسى تایبه‌ت به ژنان ئه‌نجامده‌دات و قورساى حكومه‌تى لێیه ته‌نیا به رێژه‌ى %4 وتوویانه باش ئاگادارم.
ئه‌وانه‌ى وه‌ڵامه‌كه‌یان (به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاگادارى نیم)یان داوه‌ته‌وه، زۆرترینیان به رێژه‌ى %54 نیشته‌جێى هه‌ولێرن و %38یان نیشته‌جێى سلێمانى و %36یان نیشته‌جێى دهۆكن. كه‌واته دووباره زۆرینه‌ى ژنانى پایته‌خت هیچ ئاگادارییه‌كیان له باره‌ى یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى نیه.
سوودوەرگرتن لە یاسا
هه‌ژده: بینیوته ژنێک له یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژ به ژنان سوودی وه‌رگرتبێت؟
1 زۆرم بینیوه %9.
2 که‌م تا کورتێک بینیومه %24.
3 به ده‌گمه‌ن بینیومه %25.
4 قه‌ت نه‌مبینیوه %42.
دووباره جێى سه‌رنجه له باره‌ى وه‌ڵامى چواره‌مه‌وه (قه‌ت نه‌مبینیوه) ژنانى پایته‌خت له ریزى یه‌كه‌مدان و به رێژه‌ى %51 هه‌رگیز نه‌یانبیوه ژنێك سوود له یاساكه وه‌ربگرێت و له سلێمانى به رێژه‌ى %41 ئه‌و وه‌ڵامه‌یان هه‌ڵبژاردووه و له دهۆكیش به رێژه‌ى %31 ئه‌و وه‌ڵامه‌یان داوه‌ته‌وه.
یاسا ژن دەپارێزێت
نۆزده: ئایا ده‌توانرێ به یاسا پارێزگاری له مافی ژن بکرێت و رێگه له توندوتیژی بگیرێت؟
1 زۆر ده‌توانێ %23.
2 تا راده‌یه‌ک ده‌توانێ %33.
3 که‌م ده‌توانێ %34.
4 ناتوانێ %10.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ده‌بینن زۆرینه‌ى ره‌هاى به‌شداران بڕوایان وایه كه یاسا زۆر ناتوانێت ژنان بپارێزێت و ته‌نیا %23 وتوویانه زۆر ده‌توانێت.
یاسا و یەكسانی ژن و پیاو
بیست: ئایا پێتوایه ژن و پیاو له به‌ر ده‌م یاسادا یه‌کسانن؟
1 نه خێر، یه‌کسان نین %39.
2 به‌ڵێ، یه‌کسانن %18.
3 هه‌ندێجار یه‌کسانن %34.
4 نازانم %9.
زۆرینه‌ى به‌شداران بڕوایان وایه ژن و پیاو له به‌رده‌م یاسادا یه‌كسان نین و ته‌نیا رێژه‌یه‌كى كه‌م كه %18 یه بڕوایان به‌وه هه‌یه ژن و پیاو یه‌كسانن.
له رووى شوێنه‌وه به‌شدارانى سلێمانى به رێژه‌ى زۆرترین كه %51 ه بروایان وایه یه‌كسان نین، ئه‌وانه‌ى ده‌شڵێن یه‌كسانن له هه‌ولێر زۆرترینن و به رێژه‌ى %29 وتویانه به‌ڵێ یه‌كسانن و له باره‌ى ئه‌وانه‌ى وتویانه هه‌ندێكجار یه‌كسانن دهۆك به رێژه‌ى % 40 له پله‌ى یه‌كه‌مدایه و دهۆكیش به رێژه‌ى %30 له پله‌ى سێیه‌مدایه.
سزادان
بیست و یه‌ک: ئایا رازی ده‌بی پیاوانی بنه‌ماڵه‌که‌ت که دژ به تۆ توندوتیژییان کردووه له به‌ر ده‌م یاسادا سزا بدرێن؟
1 به‌ڵێ رازی ده‌بم % 36.
2 نه‌خێر رازی نابم % 26.
3 نازانم % 38.
به‌م پێیه زۆرینه‌ى به‌شداران نازانن ئایا رازى ده‌بن له‌به‌رده‌م یاسادا پیاوان بنه‌ماڵه سزا بدرێن، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ژنان به هۆى سزادانى پیاوانى بنه‌ماڵه‌كانیانه‌وه ره‌نگه رووبه‌ڕووى كێشه‌ى زیاتر ببنه‌وه. ئه‌وانه‌ى وتویانه (به‌ڵێ رازى ده‌بم) زۆرینه‌یان به رێژه‌ى %43 نیشته‌جێى سلێمانین و به رێژه‌ى % 27 یش له هه‌ولێرن كه كه‌مترین رێژه‌یه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌وانه‌ى وه‌ڵامیان به‌وه داوه‌ته‌وه كه (نه‌خێر رازى نابم) زۆرینه‌یان به رێژه‌ى % 38 نیشته‌جێى دهۆكن، % 25 یان نیشته‌جێى سلێمانى و % 20 یان نیشته‌جێى هه‌ولێرن. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ى وتویانه (نازانم) جێى سه‌رنجه كه زۆرینه‌ى ره‌هایان نیشته‌جێى هه‌ولێرن به رێژه‌ى % 53.
سەرەوەری یاسا
بیست و دوو: پێتوایه یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه ژنان، ده‌توانێ له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا جێگیر ببێت؟
1 به‌ڵێ ده‌توانێ %23.
2 نا، ناتوانێ %23.
3 ره‌نگه بتوانێ % 42.
4 بۆچوونێکم نییه % 12.
ئه‌وانه‌ى ده‌ڵێن (به‌ڵێ ده‌توانێت) زۆرینه‌یان به رێژه‌ى % 25 نیشته‌جێى سلێمانین و دواى ئه‌ویش به رێژه‌ى %24 له دهۆك و كه‌مترین رێژه‌ش له هه‌ولێره كه % 21ه.
راسپاردە و رێگە چارەكان
راسپاردە و رێگەچارەكان بۆ كەمكردنەوەو بنبڕكردنی توندوتیژی دژ بە ژن ئامانجیكی نیشتیمانییە. هەر رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی، لایەنی حكومی و بەڕێوەبەرایەتییەكی پەیوەندیداریش بەپێی ئەزموونەكانی خۆی هەوڵدەدات رۆڵێكی باش بگێڕێت. ئیمە لە ئەنجامی راپرسییەكەماندا بەم چەند خاڵە گەیشتووین كە دەیخەینە لای هەموو رێگە چارە و پیشنیارەكانی دیكەوە بۆ یارمەتیدانی باشبوونی بارودۆخی ژن لە هەرێمی كوردستان:
دەكرێ لە ئامێرە جیاوازەكانی وەك میدیا و راگەیاندنەكان كەڵك وەربیردرێت كە لە پرۆگرامە رۆژانەكاندا و وەك پەیامیكی رۆژانەی كورت لە چەند چركەدا روو لە ژنان بگوترێت كە ئەم یاسایە دەتپارێزێت.
شوێنە پەروەردەییەكان و زانكۆ و كۆلیژەكان دەتوانن رۆڵی هۆشیاركردنەوە و هاوكات پەرەپێدان بە مافەكانی ژنان و دەرخستنی ئەركی پارێزگاری ئەم یاسایە بگێڕن.
رێژە‌ی ئاگاداربوونی ژن لە هەبوونی یاسایەكی پارێزەریان لە توندوتیژی لە ئاستێكی كەمدایە. لە یەكەمین هەنگاودا دەبێ هەڵمەت، هەوڵ، كەمپەین، وركشۆپ، یان تیمی كار دروست بكرێت بۆ ئەوەی ژنان لە هەبوونی وەها یاسایەك ئاگادار بكرینەوە.
بێئاگایی لە بوونی یاسایەكی پارێزەر وەك ئەوەیە كە ئەو یاسایە بوونی نەبێت. هەر بۆیە دەبێ ئەم راگەیاندنە بخرێتە بەرنامەی كاری هەمیشەیی لایەنە پەیوەندیدارەكان نەك بە شێوەی كاتی بێتە ئاراوە.
بردنە سەرەوەی متمانەبەخۆبوونی ژن هاوكاری پیاوانی پێویستە. هەروەها هەر هەوڵێك بۆ كەمكردنەوەی توندوتیژی ئامادە لە ناو كۆمەڵگەدا بێ ویستی پیاو ئەستەم دێتە بەرچاو. تا پیاو نەیانهەوێت هاوكاری بكەن یان نەزانن چۆن هاوكاری بن لە كەمكردنەوەی توندوتیژیدا یان نەتوانن، ئامارەكانی توندوتیژی هەر روو لە هەڵشكان دەكات.
بانگهێشتی پیاوان و بەشداركردنیان لە پرۆسەی كەمكردنەوەی توندوتیژی دژی ژن، یەكێك لە گرنگترین ریگە چارەسەرەكانە.
بەپێی وەڵامەكان دەركەوت كە ژن، كۆمەڵگە و هەموو دابونەریتەكان و پاشان بنەماڵە و پیاوانی كۆمەڵگە بە هۆكاری سەرەكی توندوتیژی دەزانێت. ئەم نیگایە پێویستی بە چاكسازی هەیە. لە بەرامبەر وەها روانگەیەكدا پیویست دەكات كە رێژە‌ی متمانەبەخۆبوونی ژن زیاد بكرێت. بەشێوەیەك كە ئەوان باوەڕ بكەن كە دەتوانن لە گوشاری ئەم دابونەریتانە كەم بكەنەوە و هەروەها دەتوانن بەرامبەر بە هێزی ئەو بەشانە راوەستن و پارێزگاری لە خۆیان بكەن.
لەم راپرسیەدا دەركەوتووە كە ژن لە یەكەمین پلەدا متمانەیان بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، كەواتە گەڕاندنەوەی متمانە و بردنەسەرەوەی ئاستی هۆشیاری و هەروەها هەوڵی گشتی بۆ سڕینەوەی توندوتیژی بەشیكی زۆری گرێدراوی چالاكی ئەم رێكخراوانەیە. بردنە سەرەوەی كوالیتی كار و شەفافیەت و پرۆفێشناڵبوونی رێكخراوەكان دەبێ باشتر بكرێت.
هەبوونی سیستمیكی چاودێری تایبەتی مافە یاساییەكانی ژن پێویستییەكی گرنگە.
رێژەیەكی بەرچاو لە ژن، باسیان لەوە كردووە كە متمانەیان بە جێبەجێكردنی یاساكان نییە، بە رێژەیەكی كەم بینیویانە كە ژنان بە یارمەتی یاسا بە مافەكانیان گەیشتبن. لەوەها فەزایەكدا كە پڕ لە بێ متمانەیی بێت سڕینەوەی ئەم خاڵە و دڵنیاكردنی ژنان لە رۆڵی یاسا و جێبەجێكردنی زۆر گرنگە.
رێكخستن و كردنەوەی دادگانی تایبەت بە یاسای بەرەنگاربوونەوە توندوتیژی خێزانی ئەركێكی گرنگی دەسەڵاتە كە دەبێ زوو جێبەجێ بكرێت.
دەبێ هەواڵەكانی تایبەت بە یاسا، هەبوونی دادگای تایبەت، بوونی پارێزەر و ئاستەنگەكانی بەردەمی بە شەفافیەت و بێ سانسۆركردن باس بكرێت و ئەندامانی كۆمەڵگە ئاگاداری قۆناغەكانی جیبەچیكردن یان نەكردنی یاساكان بن.
ناساندن:
دەزگای وارڤین بۆ پرسەكانی ژن، دەزگایەكی ناحكومی قازانج نەویستە، ساڵی (2009) دامەزراوە، ئامانجی خستنەڕووی واقیعی ژن و بەرگریكردن لە ماف و ئازادییەكانی ژنانە و لە رێگەی پڕۆژەكانییەوە، كە لەناو توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگەی كوردی و عێراقیدا ئەنجامیاندەدات، كار بۆ هێنانەدی یەكسانی و نەهێشتنی جیاكاری رەگەزی دژ بە ژنان دەكات. ئۆفیسی سەرەكی لەهەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە و به بڕیارى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له 7ى ئازار – مارسى 2011 بودجه‌ى بڕدراوه و به هاوكارى رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان درێژه‌ى به چالاكییه‌كانى داوه و بۆ رووماڵكردنی رەوشی ژنانی هەرێم و عێراق، خاوندارێتی لەماڵپەڕی هەواڵ و زانیاری (warvin.org) دەكات، كە بە هەرسێ زمانی (كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی) هەواڵ و زانیارییەكانی بڵاودەكاتەوە.
بۆ په‌یوه‌ندى:
پوخته‌كردن و كورتكردنه‌وه له‌سه‌ر نووسینى (ئه‌رسه‌لان ره‌حمان)




