٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان یادی تێپەر بوونی 30 ساڵی ئەنفالكردنی 8 هەزار بارزانی لەقەزای سۆران بەرێوەچوو

سەرچاوە: KDP.info

سۆران-KDP.info/ سەعات 11ی پێش نیوەرۆی ئەمرۆ بە ئامادەبوونی د. حەسەن محەمەد سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەكی بەرچاو لە بەرپرسانی حكومی و حزبی و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و كەس و كاری ئەنفالكراوان یادی تێپەر بوونی 30 ساڵی ئەنفالكردنی 8 هەزار بارزانی لەقەزای سۆران بەرێوەچوو.

سەرەتای مەراسیمەكە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكرد و پاشان ئامادەبووان خولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان، هەر لەرێورەسمەكەدا د. حەسەن محەمەد سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتاری سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی پێشكەش كرد و تیایدا باسی لەو قۆناغە مەترسیدارە كرد كە بەر لە 30 ساڵ رژێمی بەعس سەرەتای هەوڵەكانی هۆنیەوە بۆ ئەوەی مەرامە نەگریسەكانی خۆی لە تەعریب و تەبعیس و گۆرینی باری دیمۆگرافی كوردستانەوە بەرەو قۆناغێكی مەترسیدارتر ببات كە ئەویش راگەیاندنی شەری جینۆ ساید و قركردنی گەلی كوردستان بوو، بە ئاشكرا و بەبێ گوێدانە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دەستی كرد بە راپێچكردنی 8000 بارزانی لە ناو ماڵەكانی خۆیاندا بەرەو بیابانەكانی عەر عەر و باشور و لەوێش زیندە بەچاڵیانكردن، پاشان لە وتارەكەیدا جەختی كردەوە لەسەر خەبات و بەرخودانی بارزانیەكان لە بزاڤی رزگاری خوازی كوردستان و رایگەیاند خەباتی بارزانیەكان بۆ بەدەست هێنانی مافەكانی گەلی كوردستان پرشنگدارە كە چۆن مایەی ترس و تۆقین بوون بۆ دوژمن هاوكات مایەی شانازی بوون بۆ گەلی كوردستان و گشت ئازادی خوازان و دیموكراتی خوازان، چونكە بۆ ماوەیەكی درێژ خەباتیان كردووەو لە هەموو شۆرش و راپەرینەكان و جێپەنجەیان دیار بووە لە پێگەیاندنی گەلی كوردستان بە ئەمرۆ كە كوردستان خاوەنی پەرلەمان و حكومەتە و لە هەموو ئەو وێستگانە دا بارزانی و بارزانیەكان هەمیشە خاوەنی پێگە و قسەی خۆیان بوون و ئامادەبوون بۆ فیداكاری و قوربانیدان، هەروەها ئەوەی راگەیاند رژێمەكانی عێراق هەمیشە لە ناوی بارزانی و بارزانیەكان دەترسان بۆیە هەوڵدانیان بۆ لە ناوبردنی گەلی كورد لە جینۆسایدی بارزانیەكان دەستی پێكرد كە هەڵمەتێكی گەورەتری بەدوا داهات و وێرای 8 هەزار بارزانی 182 هەزار هاووڵاتی لەسەرجەم گەلی كوردستان ئەنفالكران، لە درێژەی وتارەكەیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بەشێك لە رووفاتی ئەنفالكراوەكان گەراونەتەوە و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدراڵ لە هەوڵدان بۆ ئەوەی رووفاتی سەرجەم ئەنفالكراوان بە رێوەسمی شایستە بگەرێتەوە باوەشی خاكی كوردستان، ئەوەشی خستە روو كە سەربەرزن بەوەی هەمیشە هەوڵدراوە كە ژیانێكی شایستە بۆ كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان فەراهەم بكرێت لە رووی موچە و دەرماڵە و دابەشكردنی خانوو و زەوی و خزمەتگوزاریەكانی تریش، كە ئەمەش ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ساڵانە پەرلەمانی كوردستان لە گفتوگۆ دەبێت و لە بودجەی ساڵانەدا هەوڵی زیاتر دەخاتە گەر بۆ ئەوەی ژیانی شایستە تر بۆ كەس و كاری شەهیدان دابین بكرێ .

پاشان جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان جەختی لەسەر چارەنووسی تاوانبارانی رژێمی بەعس كرد كە بە چ رۆژێك گەیشتن و چۆن بە سزای خۆیان گەیشتن، هاوكات ئەوەشی خستە روو كە خەباتی یاسایمان بەردەوام دەبێت بۆ ناساندنی زیاتری ئەو تاوانە گەورەیە بە هەموو دنیا كە دژ بە گەلی كوردستان كراوە هەروەها پێویستە كە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی كەس و كارە شەهیدان بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە جارێكی تر دووبارە نەبێتەوە.

هەر لەرێورەسمەكەدا قائیمقامی قەزای سۆران و شێخ لیهات بارزانی بە نوێنەرایەتی كەس و كاری ئەنفالكراوان و بەرەڤان حەمدی نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان وتاریان پێشكەش كرد و پاشان خەڵاتی رێز لێنان پێشكەش بە جەواد سوارە كرا كە كورە ئەنفالێكی بارزانیەو لە هەڵدانەوەی گۆرە بەكۆمەڵەكان رۆلێكی بەرچاوی هەبووە، هاوكات شایەد حاڵێكیش باسی لەو رووداوەكرد كە بەر لە 30 ساڵ باوك و براكانیان ئەنفالكردووە.

دواتر ژمارەیەك پارچە زەوی بەسەر كەس و كاری ئەنفالكراوان دابەش كران و بۆ ئەو كور و كچانەشی كە پرۆسەی هاوسەرگیریان ئەنجامدراوە پێشینەی هاوسەرگیریان وەكو دیاری پێشكەش كرا.

 

 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار