راگەیاندراوی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بە بۆنەی كۆچی دوایی مامۆستا فلك الدین كاكەیی

بە داخ و كەسەرێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەر و رۆشنبیری گەورە و ناوداری گەلەكەمان مامۆستا فەلەكەدین كاكەیی وەزیری پێشووی رۆشنبیریمان پێگەیشت .
ماموستا فەلەكەدین خەباتكارێكی ماندونەناسی رێگای رزگاری كوردستان، رۆشنبیرێكی مەزنی هەمیشە لە سەنگەری گەل، رۆژنامەنوسێكی بلیمەت و قوتابخانە بۆ نەوەكانی ئەمڕۆ، داكۆكیكارێكی گەورە لە ئازادی و پێكەوە ژیان و بیری رۆشنی دیموكراتی، كەسایەتییەكی كوردستانی و خۆشەویست و جێگا رێزی هەموو لایەك، سیاسەتوانێكی بە حیكمەت و قاڵبووی ژیانی پێشمەرگایەتی، روناكبیر و نوسەر و ئەدیبێكی هەمیشە بەبەرهەم و بە بڕشت، پێهەڵگرتوو لەگەڵ بیری مرۆڤایەتی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی، خزمەتكارێكی هەمیشە بەخەمی كولتور و هونەر و ئەدەب و رۆژنامەگەریی كوردستانی، پیاوێكی میانڕەو و ئاشتیخواز و هەمیشە گەشبین بە ئایندەی رۆشنی گەلەكەی، بیرمەندێكی كوردی ناسراو لەسەر ئاستی دەرەوەی كوردستان و دۆستانی گەلەكەمان، وەزیر و خەمخۆری پێشووی وەزارەتی رۆشنبیری كوردستان بوو.
لە دەستچونی مامۆستا فەلەكەدین ووشك بوونی ناوادەی كانییەكی هەمیشە هەڵقوڵاو بوو، لە دەستدانی مرۆڤێكی كەم وێنە بوو، زیانێكی گەورە بوو بە هەموو كایەكانی كولتور و رۆشنبیری كوردستان گەیشت . بەو بۆنە دڵتەزێنەوە وەزارەتی رۆشنبیری كوردستان پەیامی هاوخەمی و پرسەی خۆی بە هەموو رۆشنبیر و هونەرمەند و نوسەران و بە تێكڕای خەڵكی كوردستان و بە خانەوادە و كەسوكاری مامۆستای نەمر دەگەیەنێت و لە خوای میهرەبان سەبوری و ئارامی بۆ هەموو لایەك دەخوازێت .
هەزاران سڵاو لە گیانی پاك و رەوانی شادی مامۆستای نەمر كاك فەلەكەدین كاكەیی
كاوە محمود شاكر
وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان




