لە یادی جینۆسایدی بارزانییەکان

ههولێر-KDP.info/ ئەمڕۆ 31 ی تەمموز، سی ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر یەکێک لە تاوانە دڕندەكانی كومەڵكوژی دژ بە گەلی كوردستان لەسەر دەستی فاشیزمی بەعسی، ئەویش تاوانی قڕکردن و جینۆسایدكردنی بارزانییەكانە.
سی ساڵ لەمەوبەر و بەپێی پیلانێکی پێشتر بۆ داڕێژراو، رژێمی بەعس لەڕێی سوپا و دامودەزگا ئەمنییەکانییەوە و بە چەند شاڵاوێکی لەسەریەک، هەشت هەزار گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانی لە خێزانەکانیان جوداکردەوە و رەشبگیری کردن و پاش ماوەیەکی کەم هەمویانی قەتڵوعام و زیندە بەچاڵ كرد لە بیابانەكانی باشوری عیراق.
تەنها دوو مانگ دوای ئەو کارە، سەدام حوسێن مەبەستی رژێمەکەی لەو تاوانە نەشاردەوە و بەئاشکرا لە دەزگاکانی میدیاوە گوتی: ئەوانە بە توندی سزای خۆیان وەرگرت و فڕێدرانە دۆزەخەوە.
بە گوێرەی ئەو کۆنڤێنشنە بێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێکڕای دەنگ قبوڵی کردو لە 12-1-1951 ـەوە کاری پێدەکرێت، قەتڵوعامی بارزانییەکان تاوانێکە دژ بە مرۆڤایەتی و دەچێتە خانەی جینۆسایدەوە، هەر ئەمەشە وایکرد کە شانبەشانی تاوانەکانی ئەنفال و راگواستنی زۆرەملێیانەی کوردانی فەیلی و کیمیابارانی هەڵەبجە، تاوانی کوشتن و بێسەروشوێنکردنی بارزانییەکانیش لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عیراقەوە بە تاوانی جینۆساید بناسرێنێت.
جێگەی خۆیەتی لە ساڵیادی ئەو تاوانە قێزەونەدا داوا لە دەوڵەتی عێراق بکرێت وەکو وارسی دەوڵەتی پێشوو، کار بۆ گێڕانەوەی مافی قوربانیانی جینۆسایدی گەلی کوردستان و قەرەبووی ماددی و مەعنەوییان بکاتەوە و پێش هەر شتێکیش داوای لێبووردن لە گەلی کوردستان بکات.
هەروەها داوا بکرێت دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق بە هەمان دەسەڵات و تواناکانی خۆیەوە درێژە بە کارەکانی بدات تا سەرجەم کەیسەکان یەکلایی دەکاتەوە، بۆ دووبارەنەبوونەوەی تاوانی لەم شێوەیەش داوا بکرێت حکومەتی عیراق واژۆ لەسەر رێکكەوتننامەی رۆما بکات و ببێتە ئەندام لە دادگای باڵای تاوانی نێودەوڵەتی.
بۆ بەرز راگرتنی یادی جینۆسایدكردن و هێشتنەوەی لە هزری نەوەی نوێ، هەرچەندە لەبەر هاوكاتبوونی ئەم یادە لەگەڵ جەزنی رەمەزانی پیرۆز، نەمانتوانی لەكاتی خۆیدا یادەكە بكەینەوە، بۆیە بڕیارماندا رۆژی 14/8/2013 لە مەراسیمێكی شایستەدا لە گۆڕستانی شەهیدانی بارزان ئەم یادە بەرز رابگرین.
لە یادی سی ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەکاندا، هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی قوربانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان
31-7-2013




