٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە 31/7/1983 رژێمی بەعسی عێراق هەڵمەتێكی بۆ لەناو بردنی بارزانییەكان دەستپێكرد

سەرچاوە: KDP.info

ئەنفال و كیمیاباران و سەركوتكردن و كۆمەڵكوژییەكان. یەكێكن لەتاوانە هەرەمەزنەكانی سەدەی بیستەم، تاوانێك بوو بۆ قڕ كردن و سڕینەوەی نەتەوەیەك لەسەر خاك و نیشتیمانەكەی، رژێمی بەعسی لەنێو چوو لە 1ی شوباتی ساڵی 1988 تاكو 5ی ئەیلولی هەمان ساڵ لەپیلانێكی نەخشە بۆ داڕێژراو و بە هەشت قۆناغ تاوانێكی دوور لەهەموو بەها ئاسمانی و مرۆیەكان دەرحەق بەنەتەوەی كورد ئەنجامداو بەهۆیەوە زیاتر لە 182هەزار مرۆڤی كورد كەتاوانیان تەنها بریتی بوو لەوەی كە كوردن بەدڕندانەترین شێوە لە گوللەباران كردن، زیندەبەچاڵ كردن وخاپور كردن، سوتاندن، تاڵانكردنی زیاتر لە چوار هەزار گوند و دێهاتی كوردستانی بە ئەنجامگەیاند .

لە 31ی تەمووزی 1983دا رژێمی بەعسی رووخاو زیاتر لە هەشت هەزار بارزانی بێ سەرو شۆێن كردو بەهۆی هێرشی ئەنفالە بەدناوەكانی ناوەراستی هەشتاكانیشەوە زیاتر لە 182هەزار هاولاتی كورد بێ سەروشۆێن كران و قڕكران.

لە 23 شوباتی 1988ەوە رژێمی بەعسی عێراق بەمەبەستی قڕكردنی كوردو سڕینەوەی بوون و مۆركی كوردایەتی بە هەرێمی كوردستانی عێراقەوە كۆمەڵە هێرشێكی سەربازی نەخشە بۆ داڕێژراوی دەست پێكرد كە بەزۆری ناوچە گوندنشینەكانی كوردستانی گرتەوە كە هەمیشە بڕبڕەی پشتی شۆڕشەكانی كوردستان بوون. ئەو پیلانەدژ بەمرۆڤایەتییەش بریتی بوو لە جێبەجێ كردنی ستراتیژێكی سەربازی فراوانتر جگە لە جینۆساید كردنی كورد بۆ تێكدانی ژینگەو سروشتی كوردستان و لاواز كردنی كۆمەڵگەی كوردو شێواندنی كەسایەتی مرۆڤی كورد بووە.

 لە 16ی ئاداری ساڵی 1988 سوپای رژێمی بەعسی پێشووی عێراق بە چەكی كیمیاوی شاری هەڵبجەی بۆردومانكرد و پێنج هەزار كەس لە پیر و ئافرەت و منداڵ شەهید كران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون كە تا ئێستا ئاسەواری ئەو چەكە كۆكوژە ماوە و لە سەر ئاستی جیهانیش كاردنەوەی هەیە.

لە 14ی نیسانی 1988 هێرشی ئەنفال كردنی كورد بە ئاستێكی ترسناك گەیشت و زۆربەی هەرە زۆری ناوچەو گوندو ئاواییەكانی كوردستانی گرتەوە، هەربۆیە لە مێژووی هاوچەرخی كوردستاندا ئەو رۆژە بە رۆژی ئەنفالە بەدناوەكان دادەنرێت و هەموو ساڵێك لەسەر ئاستی فەرمی و جەماوەری لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات یادی سەدان هەزار مرۆڤی كورد دەكرێتەوە كەلەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە بەچەند قۆناغێك و لە زنجیرەیەك هێرشی سەربازیدا بێ سەروشوێن كراون.

لە مێژوی كۆن و نوێدا كورد چەند جارێك كۆمەڵكوژ و كیمیاباران و ئەنفال كراوە بەڵام لە مێژووی هاوچەرخدا و لە سەرەتای هەشتاكانی سەدەی رابردوودا رژێمی بەعسی عێراق زیاتر لە هەشت هەزار كوردی فەیللیشی بێ سەرووشۆێن كردو هەزارانی تری دەربەدەر كرد.

لە 24ی حوزەیرانی ساڵی 2007 دا دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق ئەنفالی وەك جینۆساید ناساند و بڕیاری لە سێدارەدانیشی بۆ تاوانكاران دەركرد.

لە 14/4/2008 پەرلەمانی عێراق و لە 10/9/ 2008سەرۆكایەتی كۆماریعێراقیش تاوانی ئەنفالیان بەجینۆساید ناساند،

بەو پێیەش حكومەتی عێراقی فیدراڵ پابەند دەكات بە قەرەبوو كردنەوەی ماددی و مەعنەوی كەسوكاری قوربانیان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان بەڵام تاكو ئێستا حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی لەمبارەیەوە نەناوە.

رۆژی 28ی شوباتی 2013 لە دانیشتنێكدا پەرلەمانی بەریتانیا جینوسایدی گەلی كوردی ناساند.

هەرچەندە تاوانی ئەنفال بۆتە زامێكی قوڵ و پڕ لەئازار بۆ گەلی كورد و بۆتە پەڵەیەكی رەشیش بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، بەڵام خوێنی ئەو سەدو هەشتاو دووهەزار مرۆڤەی كورد لە منداڵ و لاو و پیر هاوشان لەگەڵ خوێنی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری بوونە هەوێنی هاتنەدی ئەمرۆی ئازادی و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێنانە كایەی ژیانێكی سەربەست و سەرفراز. 

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار