ئاڵتان تان: ئەگەری بەهێز بوونەوەی كەمالیستەكان لە ئارادایە

ئەنقەرە-KDP.info/ پەرلەمانتاری شاری دیاربەكری پارتی ئاشتی و دیموكراسی( بەدەپە) ئاڵتان تان سەبارەت بە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و هەوڵدانەكانی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا رایگەیاند كە حكوومەتی توركیا تا ئێستە بە پێ پێویست لە هیچ روویەكەوە هەنگاوی نەناوە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری 3ی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە پەرلەمانتاری بەدەپەی شاری دیاربەكر ئاڵتان تان ئاماژەی بەوە كردووە كە حكوومەتی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هیچ هەنگاوێكی گرنگی ئەرێنی نەناوە و بۆ بەرەو پێشەوە بردنی پرۆسەكە خۆی بێدەنگ كردووە.
تان لە درێژەی لێدوانەكەی خۆیدا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە بە بێدەنگی پرسی كورد چارەسەر ناكرێت بۆیە پێویستە حكوومەتی هەنگاوی كرداری هەڵبگرێت.
سەبارەت بە هەوڵدانەكانی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیایش ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەگەر بێتو حكوومەت نەتوانێت لە كاتی دیاریكراودا دەستوورێكی نوێ ئامادە بكات ئەوا ئەندامانی ئەرگەنەكون و كەمالیستەكان دووبارە لە توركیا بەهێز دەبن و دێنەوە نێو دەسەڵاتەوە و ئەمەیش بە مانای كۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی ئەردوغانە و دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە ئەردوغان رووبەرووی كۆتاییەكی نەخوازراو ببێتەوە.




