توركیا سێ دەروازەی دیكەی سنووری بۆ رۆژئاوای كوردستان دەكاتەوە

ئەستەنبۆل- KDP.info/ دوابەدوای سەردانی هاوسەرۆكی پارتی یەكیەتی دیموكراتیك سالح موسلێم لە سەر داواكاری وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ ئەو وڵاتە و كۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی توركیا، هەر دوو لا لە سەر چەند خاڵی هاوبەش پێكهاتوونە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی ئاكتیف خەبەری توركی لە سەر زاری بەرپرسانی توركیا و سالح موسلێم گواستوویەتەوە كە پەیەدە بەڵێنی بە توركیاداوە بە هیچ شێوەیەك پشتگیری لە رژیمی ئەسەد نەكات، پارت و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردی پەراوێز نەخات و ئەو هاوكارییانە كە دەگەنە رۆژئاوای كوردستان بە بێ جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكاندا دابەش بكرن و بە هیچ شێوەیەك پەیەدە نەبێتە مەترسی ئەمنی بۆ سەر سنوورەكانی توركیا.
لە بەرامبەر ئەمەیشدا توركی بەڵێنی بە پشتگیری كردن لە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان و پەیەدە داوە و هاوكات بەڵێنی كردنەوەی سێ دەروازەی سنووری دیكەی لە ناوچەكانی عەفرین، كوبانێ و دەربەسێدا داوە.




