بولەنت ئارنج: چاوەڕوانی دووبارە بوونەوەی رووداوەكانی پاركی گەزی دەكەین

ئەستەنبۆل- KDP.info/ جێگری سەرۆك وەزیری توركیا و وتەبێژی حكوومەتی ئەو وڵاتە بولەنت ئارنج لە میانەی مەراسمێكی تایبەتیدا كە لە لایەن كەناڵی تی ئار تی توركییەوە رێك خرابوو وتەیەكی پێشكەش كرد و باسی پێشهات و رووداوە سیاسییەكانی ئەم دوایەی توركیای كرد.
لەم بارەیەوە ماڵپەری ئاخەبەری توركی بڵاوی كردووەتەوە كە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بولەنت ئارنج راگیەاندووە كە زانیاریمان لە بەردەستدایە كە لە داهاتوودا لە پێناو ئارمانجی جیاجیا لە چەندین شاری جیاجیای توركیادا خۆپێشاندان دەكرێت و رووداوەكانی پاركی گەزی دووبارە دەكرێنەوە.
ئارنج باسی ئەوەی كردووە كە ئارمانجی رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمی دوو مانگی رابردووی شاری ئەستەنبۆڵ ئەوە بوو كە توركیا رووبەرووی بارودۆخێكی نالەبار و ئاڵۆز بكرێتەوە، و ئێستەیش چەندین كەس و لایەن كە نایانەوێ توركیا دیموكراتیزە بكرێت و كێشە ناوخۆییەكانی خۆی چارەسەر بكات دووبارە دەستیان بە ئامادەكاری بۆ سازدانی خۆپێشاندان لە چەندین شاری جیاجیای توركیادا كردووە.
جێگای ئاماژە پێكردنە رۆژی سێ شەممەیش نووسەری ناوداری توركیا فەهمی كورۆ لە بابەتێكی خۆیدا كە لە رۆژنامەی ستاردا بڵاوی كردبوویەوە ئاماژەی بەوە كردووە كە لە مانگی ئەیلوولدا لە توركیا خۆپێشاندان دەست پێ دەكات.




