٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

داوود ئۆغلۆ: پێویستە پەیەدە هاوكارییەكانی بۆ رژێمی سوریا رابگرێت

سەرچاوە: KDP.info

توركیا – تایبەت بە KDP.info/ توركیا ئاسایشی سنور و رەوشی باكوری سوریا گفتوگۆ دەكات و لەلایەكی دیكەشەوە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند كە تا پەرلەمانی سوریا دانەمەزرێت؛ ئێمە زۆر بە توندی دژی پێكهێنانی هەرێمەكانی سەربەخۆین لەو وڵاتە. لەمبارەیەوە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دا ئەحمەد داوود ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا لە وەڵامی رۆژنامەنووس و دوای سەردانی ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی‌ یەكێتی‌ نەتەوەیی دیموكراتیك (پەیەدە) بۆ توركیا رایگەیاند كە ئێمە دژی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەك یان پێكهێنانی بەرەیەكی سەربەخۆین لە سوریا. هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد كە توركیا لە دژی مافەكانی گروپێك یان پێكهاتەیەكی سوریا نییە. هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا داوود ئۆغلۆ رایگەیاند كە لە كۆبوونەوەی بەرپرسانی توركیا لەگەڵ ساڵح موسلیم پێیان راگەیەنراوە كە پێویستە پەیەد بە هیچ شێوەیەك هاوكاریی رژێمی سوریا نەكات و رێز لە مافی پێكهاتەكانی باكووری سوریاش بگرێت. لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی‌ جیهانی‌ توركی‌ بڵاویكردەوە كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ توركیا رایگەیاند بەرپرسانی‌ دەزگای‌ هەواڵگری‌ توركیا هۆشداری‌ دەدەنە هاوسەرۆكی‌ (پەیەدە) لەهەر جموجۆڵێكی‌ تاكلایەنە بەئاڕاستەی‌ حوكمی‌ زاتی‌ كوردی‌ لە باكوری‌ سوریا. جێی باسە ساڵح موسلیم ئێوارەی‌ هەینی‌ بە فڕۆكەیەك لە هەولێرەوە گەیشتە ئەستەنبوڵ بۆ ئەنجامدانی‌ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی‌ توركیا سەبارەت بە پێشهاتەكانی‌ ئەم دواییەی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان دوای‌ ئەوەی‌ پەیەدە كۆنترۆڵی‌ چەند ناوچەیەكی‌ كرد.

 

هەواڵی پەیوەندیدار