عەبدولرەحمان خەلیفە: هەندێ كاندیدی قەوارە سیاسییەكان بە نایاسایی پروپاگەندەی هەڵبژاردنیان دەستپێكردووە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / هەرچەندە تاوەكو ئێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ماوەی دەستپێكردنی پروپاگەندەی ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی رانەگەیاندووە كە وا بڕیارە لە مانگی 9 ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێ، بەڵام بەشێك لە كاندیدی قەوارە سیاسیەكان دەستیان كردووە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن و لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی ئینتەرنێتەوە ریكلام دەكەن بەڵام بەرپرسێكی باڵای كۆمسیۆن دەڵێت كۆمسیۆن گلەیی هەیەو ئەو هەنگاوە هەنگاوێكی نایاساییە.
عەبدولرەحمان خەلیفە بەرپرسی پەیوەندیە جەماوەریەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكانی تایبەت بۆkdp.infoگوتی: ماوەی نزیكەی 10 رۆژە كۆمسیۆن بەهاوكاری وەزارەتی ناوەخۆ سەرقاڵی وردبینی كردنی ناوی كاندیدی قەوارە سیاسیەكانە تاوەكو قۆناغی وردبینی تەواو نەبێت كۆمسیۆن ماوەی پروپاگەندەی هەڵبژاردن دیاری ناكات و بەپێی یاسا و رێنماییەكان نابێت هیچ كاندید و قەوارەیەكی سیاسی ریكلام بكەن بەڵام بەداخەوە چەند رۆژێكە بەشێك لە كاندیدی قەوارە سیاسیەكان بەڕێگای جۆراوجۆرەوە بەتایبەتی لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەستیانكردووە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن و ریكلام كردن بۆ ژمارەو ناوەكانیان كە ئەمە پێچەوانەی رێنمایی و یاساكانە.
ناوبراو گوتیشی: دوای ئەوەی كۆمسیۆن وردبینی خۆی بۆ ناوەكان ئەنجام دەدات سەرجەم زانیاریەكان پێشكەش بە ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەكات و دوابڕیار لە لایەن ئەوانەوە دەدرێت كە هێشتا چەند رۆژێك ماوە بۆ ئەو مەبەستە.




