لە مە بەدواوە ئەنجوومەنێكی پزیشكی لە ئاستی زانستی پزیشكانی هەرێم دەكۆڵێتەوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info /بەهۆی ئەو بێ متمانەییەی لەلایەن بەشێك بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە ئاستی زانستی پزیشكانی كورد لە هەرێمی كوردستان هەیانە وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەهاوكاری چەند لایەنێك سەرقاڵی دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی پسپۆڕی تایبەتە بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە ئاستی زانستی پزیشكان.
د. خاڵس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ kdp.infoگوتی: ئێمە وەكو وەزارەتی تەندروستی ئاگاداری گلەیی و بێ متمانەیی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانین لەمەڕ مامەڵەو ئاستی زانستی پزیشكانی كورد لە هەرێمی كوردستان بەڵام نە ئێمەو نە سەندیكای پزیشكان بەدواداچوونمان نییە بۆ ئاستی زانستی پزیشكانی هەرێمی كوردستان بۆنمونە بەشداری پێكردنی پزیشك دوای چەند ساڵێك لە دەرچوونی لە كۆلێژ لە تاقیكردنەوەی تایبەت بۆ زانینی ئاستی زانستی و ئەو پێشكەوتنانە لە بیرۆكەی ئەو پزیشكە لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا روویداوە تاوەكو ئێستا ئەو سیستەمە نییە، بەڵام ئێستا هەولێك هەیە بۆ بنیاتنانی سیستەمێكی لەوجۆرە كە ئەنجوومەنی كاری پزیشكی بە كارەكە هەڵدەستێت و بەدواداچوون بۆ ئاست و توانای زانستی پزیشكانی كورد لە هەرێمی كوردستان دەكات.
ناوبراو گوتیشی: پێویستە پزیشك دوای تەواوكردنی خوێندنی كۆلێژیش هەر بەردەوام بێت لە هەوڵدان بۆ دەستخستنی زانیاری پزیشكی نوێ چونكە رۆژ بە رۆژ زانست لە پێشكەوتندایە و زانستی پزیشكیش رۆژ بە رۆژ گۆرانكاری بەسەردادێت و رۆژانە توێژینەوەی نوێ لەبارەی گرفتی تەندروستی جۆراوجۆر ئاشكرا دەكرێت.




