لە كاتی كاركردن لە پڕۆژەیەكدا لە حاجی ئۆمەران روفاتی هاووڵاتییەكی كورد دەدۆزرێتەوە

حاجی ئۆمەران – KDP.info / لە كاتی كاركردن لە پڕۆژەیەكدا لە سنووری گومرگی تەمەرچینی كۆماری ئیسلامی ئێران كە هاوسنوورە لەگەڵ حاجی ئۆمەران، روفاتی هاووڵاتییەكی كورد دەدۆزرێتەوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لەگەڵیدایە دەریدەخات كە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا گیانی لەدەستدا بێت.ئیبراهیم حەمدان بەرپرسی رێكخراوی (پ.د.ك) لە ناحیەی حاجی ئۆمەران لەمبارەیەوە راگەیاند: بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی لەلای ئێمەیە، روفاتەكە ناوی رەسول فەهیم جانۆزادگان ـە لەدایكبووی ساڵی 1977 – شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستانە و كارتەكەی لە نشینگەی گشتی هەولێر بۆ دەرهێندراوە، لە كۆمپانیای مانا كاری كردووە . بەپێی قسەكانی حەمدان بێت عەشیرەتی جانۆزادگان لە شاری ورمێ نیشتەجێن، بەڵام دیارە ئەو كەسە ئاوارە بووە و هاتۆتە هەرێمی كوردستان، بەهەر هۆكارێكیش بووبێت لەو سنوورە گیانی لەدەستداوە و تا ئێستاش دیارە تەرمەكەی ون بووە. هەر بەپێی بەڵگەنامەكەی كە ئێستا لەلای حەمدان پارێزراوە كارتەكەی نشینگەی گشتی هەولێر بە ژمارە 31 لە رێكەوتی 30-12-2007 بۆی دەرهێندراوەو لە رێكەوتی 30-3-2008 ماوەكەی بەسەر چووە.




