سەباحەت تونجەل: كورد داوای توركیایەكی دیموكراتیك و كوردستانێكی سەربەخۆ دەكات

ئەستەنبۆل- KDP.info/ پەرلەمانتاری شاری ئەستەنبۆڵی بەدەپە خاتوو سەباحەت تونجەللە میانەی مەراسمێكی پشتگیری كردن لە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستان لە شاری ئەستەنبۆڵدا رایگەیاند كە گەلی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا فاكتەرێكی یەكجار گرنگ و سەرەكەی دیموكراتیزە كردنی وڵاتانی دەراوسێ و سەپاندنی ئاشتی و تەباییە.
ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاویكردووەتەوە كە پەرلەمانتاری ئەستەنبۆڵی بەدەپە سەباحەت تونجەل سەبارەت بە شۆڕشی رۆژئاوای كوردستانیش ئاماژەی بەوە كردووە كە كورد مافی خۆیەتی لە رۆژئاوای كوردستاندا وەكو باشووری كوردستان ببێتە خاوەن دەسەڵاتێكی تایبەتی و سەربەخۆ.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانی خۆیدا رایگەیاندووە كە كورد داوای توركیایەكی دیموكراتیك و كوردستانێكی سەربەخۆ دەكات و ئەم داواكارییەی كورد بۆ سوریا و ئێرانیش هەر بەمجۆرەیە و كورد داوای دیموكراتیزەكردنی وڵاتە دراوسێكانی خۆیان و سەربەخۆیی خۆیان دەكەن و ئەمەیش داواكارییەكی رەوایە.




