سوپای توركیا 6 قەرەقووڵی دیكەی خۆی لە شاری سێرت داخست

سێرت- KDP.info/ هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیا، توندوتێژی و نائارامی لە باكووری كوردستاندا راگیراوە و كۆتایی بە شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سوپا و هێزەكانی پەكەكەیش هاتووە و ئارامی باڵی بە سەر ناوچەكەدا كێشاوە بۆیە سوپای توركیاش ماوەیەكە دەستی بە داخستنی ژمارەیەك لە قەرەقووڵ و بنكە سەربازییەكانی خۆی لە ناوچە كوردییەكاندا كردووە.
لەم چوارچێوەیەدا ئاژانسی حورخەبەری توركی بڵاویكردەوە كە لە چوار چێوەی هەڵمەتی چۆڵ كردنی قەرەقووڵەكان لە لایەن سوپای توركیاوە رۆژی دووشەممە لە ناوچەی شاری سێرت و پەرواریدا سوپا 6 قەرەقووڵی دیكەی خۆی چۆڵ كردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم شەش قەرەقووڵە لە كاتی شەڕی نێوان پەكەكە و سوپای توركیادا 15 ساڵ لەمەوبەر دروست كراون، بەڵام ئەمرۆ بە هۆی نەمانی شەڕ و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەكە سوپا دەستی بە چۆڵ كردنی ئەو قەرەقووڵانە كردووە.




