ئەگەر سوپای توركیا بچێتە ناو سوریا، ناتوانێت بگەڕێتەوە

ئەنقەرە- KDP.info/ لە كاتێكدا كە زۆربەی هەرە زۆری سیاسەتمەدار و رۆشنبیرەكانی توركیا لە بەرانبەر رووداوەكانی سوریا و باكووری سوریادا حكوومەتی ئەو وڵاتە ئاگادار دەكەنەوە و هەندێكیشیان داوا لە حكوومەت دەكەن كە هێزی سەربازی بنێرێتە باكووری سوریا، یەكەمین وەزیری دەرەوەی حكوومەتی ئاكەپە یاشار یاكێش كە بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاری كردووە، حكوومەتی توركیا ئاگادار دەكاتەوە و دەڵێت نابێت بە هیچ شێوەیەك حكوومەت بیر لە ناردنی سەرباز بۆ سوریا بكاتەوە.
لەمبارەیەوە رۆژنامەی تەرەفی توركی بڵاویكردەوە كە یەكەمین وەزیری دەرەوەی حكوومەتی ئاكەپە یاشار یاكێش رایگەیاندووە كە نابێت حكوومەتی توركیا بە هۆی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییەوە بیر لە بەكارهێنانی هێزی سەربازی و ناردنی سەرباز بۆ سوریا بكاتەوە، چونكە راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن كوردەكانی سوریاوە مافێكی سروشتی و رەوای ئەوانە و لە لایەكی دیكەیشەوە ئەگەر سوپای توركیا بكەوێتە باكووری سوریاوە، ئەوا بە ئاسانی ناتوانێت بگەڕێتەوە و رووبەرووی زەرەر و زیانی یەكجار گەورە دەبێتەوە و كەس ناتوانێت ئەو زەرەرەرانە قەرەبوو بكاتەوە.




