٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

زنجیرەیەك تەقینەوە بووە هۆی كوژرانی بەدەیان كەس و برینداروونی بەسەدانی دیكە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا – KDP.info/ سەرچاوەكانی ئەمنیی عێراق رایانگەیاند كە ئەمڕۆ زنجیرەیەك تەقینەوە شار و شارۆچكەكانی عێراقی هەژاند و لە ئەنجامدا 55 كەس كوژراون و زیاتر لە 260ی دیكەش برینداربوون. لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای بەغدا رایگەیاند كە لە ئاكامی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو لە نزیك چێشتخانەیەك لە ناوچەی حەبیبییەی شاری سەدر چوار كەس كوژران و پازدەی دیكە بریندار بوون . جگە لە زیانی گیانیش زیانی مادی بەر چەند باڵەخانەیەكی نزیك چێشتخانەكە كەوت. هەروەها هەر ئەمڕۆ بەیانی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو كە لە یەكێك لە شەقامەكانی ناوچەی بەیاع وەستێندرابوو تەقییەوە بەهۆیەوە دوو كەس كوژراو هەشتی دیكە بریندار بوون . هەر ئەمرۆ بەیانی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو لەناوچەی شەعب باكووری رۆژهەلاتی شاری بەغدا لە نزیك نەخۆشخانەی زەهرا تەقییەوە لە ئاكامدا هاوولاتیەكی مەدەنی كوژراو چواردەی دیكە بریندار بوون . لە شاری كوت بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو لە ناو گەراجی شارەكە تەقییەوە پێنج هاوولاتی كوژراو چل و پێنجی دیكە بریندار بوون. هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەك لە پۆلیسی پارێزگای موسەننا رایگەیاند كە دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو لە ناوەراستی شاری سەماوە تەقیینەوە بەهۆیەوە دوو هاوولاتی كوژران و نۆزدەی دیكە بریندار بوون. لە شاری بەسرەش هەر ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو لە باكووری شارەكە ژمارەیەك هاوولاتی كوژران و بریندار بوون . سەرچاوەكە روونیكردەوە كە ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو كە لە نزیك بازاری ناوچەی خەمسە میل وەستێنرابوو سەر لە بەیانی ئەمڕۆ تەقێندرایەوە بەهۆیەوە دوو هاوولاتی كوژران وهەشتی دیكە بریندار بوون . ئێوارەی دوێنێش لە پارێزگای ئەنبار چەند چەكدارێكی نەناسراو بەرێوەبەری بنكەی پۆلیسی هیتیان لە رۆژئاوای شارەكە تیرۆر كرد، ئەو چەكدارە نەناسراوانە بە چەكی بێدەنگ شەوی رابردوو كاتێك بەرێوەبەری پۆلیسی بنكەی هیت لە یەكێك لە مزگەوتەكانی ناوچەی مەشتەل ناوەراستی قەزای هیت دێتە دەرەوە تەقەی لێ دەكەن و دەیكوژن و چەكدارانیش بۆ شوێنێكی نادیار رایانكرد .

 

هەواڵی پەیوەندیدار