حكوومەت خۆپیشاندانەكانی ئیخوان موسلمین بەسەرچاوەی تیرۆر لەقەلەمدەدات

قاهیرە – KDP.info/ موراد عەلی گوتەبێژی ئیخوان موسلیمینی میسر لە لێدوانێكدا رایگەیاند: لایەنگرانیان لە مزگەوتی رابیعەی عەدەوییەی رۆژهەڵاتی قاهێرە خۆپیشاندانێكی ناڕەزاییان بۆ بەردەم بارەگای سەرەكی هەواڵگری سەربازی رێكخست و بە گوتەی عەلی: لایەنگرانی ئیخوانییەكان لەو خۆپیشاندانە داوای ئازادكردنی مورسیان دەكرد، پێشتریش هێزە ئەمنییەكانی میسر بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە، كە تێدا هۆشداری تووندیان دایە لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین لەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی بۆ بەردەم بارەگای هەواڵگری سەربازی سازنەكەن بەڵام لایەنگرانی ئیخوانییەكان ئەم هۆشدارییەی هێزە ئەمنییەكانیان پشتگوێ خست و خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكەیان ئەنجام دا، ئەم خۆپیشاندانەش دوای دوو رۆژ لە كوژرانی ئەو بیست و حەوت كەسەی لایەنگرانی مورسی دێت كە بە گوتەی ئیخوانییەكان بە گوللەی هێزە ئەمنییەكان كوژران. لەلایەكی دیكەوە مانگرتن و خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەلایەن لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین لە شاری قاهیرە و لەگەڵ چەند شارێكی دیكەی میسر درێژەیان هەیە و هاوكات مستەفا حیجازی راوێژكاری عەدلی مەنسوور سەرۆكی كاتی میسر لە لێدوانێكدا بەردەوامی خۆپیشاندان و مانگرتنەكانی لایەنگرانی ئیخوانییەكانی بە سەرچاوەی تیرۆر لە قەڵەم داو رایگەیاند: بە راستی بەردەوامی مانگرتن و خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانی لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین بە تەواوی بوونەتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هەمووان و بۆیە داوای كرد هەر چی زووە لایەنگرانی ئیخوانییەكان كۆتایی بە خۆپیشاندان و مانگرتنەكانیان بهێنن بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاسایشی و سەقامگیری میسر بگەڕێندرێتەوە دۆخی جاران. لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی دەنگوباسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فەرمی میسر بڵاوی كردەوە، كە هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە لە پرۆسەیەكی سەربازییدا عەلی ئەبو عەللا مازی سەرۆكی حزبی ئیسلامی لەگەڵ عیسام سوڵتانیان دەستگیر كرد و هاوكات سەرچاوەیەكی دادوەری میسریش ئاشكرای كرد، بەر لە دوورخستنەوەی مورسی مازی و سوڵتان بە جیا سووكایەتیان بە دادگای گشتی میسر كردبوو و هەروەها چەندین سكاڵاش لە دژیان لە دادگا تۆمار كراوە و بە گوتەی سەرچاوەكە لە ئێستادا مازی و سوڵتان لە ژێر لێكۆڵنەوەی وردی دادوەری دان. لەلایەكی دیكەوە چەند سەرچاوەیەكی ئەمنی میسر رایانگەیاند: كە لە پارێزگای عەریشی باكووری سینا هێرشێكی چەكدارییدا كرایە سەر بنكەیەكی سەربازی میسر و، لە ئاكامدا دوو سەربازی كوژران و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون بە گوتەی سەرچاوە ئەمنییەكان، لە هێرشە چەكدارییەكە كە چەكدارە تووندڕەوەكان لەو ناوچەیە ئەنجامیان داوە چەكی قورس بەكار هێنراوە لەوانەش مووشەك. هاوكات دوێنێ شەو كاترین ئاشتۆن رێكخەری سیاسەتی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا بەسەردانێك گەیشتە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر و دواتر لە ئاشتۆن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حكوومەتی میسر كۆبووە و لە كۆبوونەوەكەدا بە وردی دوایین پێشهات و پەرەسەندنەكانی رەوشی ناوخۆی میسر تاوتوێ كراوە و رێكخەری سیاسەتی كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا داوای كرد كە رێگا بە ئیخوان موسلیمین بدرێتەوە بەشداری لە ژێرخانی پرۆسەی سیاسی میسر بكەنەوە.




