٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كردەوە تیرۆریستییەكانی ئەمڕۆی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە ئیدانە دەكات

سەرچاوە: KDP.info
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی 7ـی 2013 لە ئاكامی زنجیرەیەك تەقینەوە و كردەی تیرۆریستی لە بەغدا و چەند پارێزگەیەکی دیكەی عێراق دەیان كەس شەهید و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی بێ تاوان بریندار بوون.
ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وێڕای ئەوەی بە توندی ئیدانەی ئەو كردە تیرۆریستیانە دەكەین، سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە خوێناوییانە دەکەین و هیوای چاكبوونەوەیش بۆ بریندارانی ئەو زنجیرە تەقینەوەیە دەخوازین، داوایش دەكەین بەزووترین كات ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە قێزەوەنانە ڕادەستی یاسا بكرێن.
 بەرزبوونەوەی ڕێژەی كردەی تیرۆریستی و ئاڵۆزتربوونی ڕەوشی ئەمنی، بەتایبەتیی لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، ئاماژەیەكی مەترسیدارە و بەڵگەی ئەوەیە کە تیرۆریستان ڕێز لە هیچ دین و بەهایەک ناگرن. ئێمە دڵگرانین لەوەی ڕەوشی ئەمنیی وڵات بەو شێوەیە کەوتۆتە بەر هەڕەشە، بەتایبەتییش کە ئەوکردەوە تیرۆریستییانەی ئەمڕۆ ئاماژەی پیلانێکی مەترسیداریان تێدایە بۆ بەئامانجگرتنی هاووڵاتیان و بڵاوکردنەوە ترس و نائارامی لە وڵاتدا. داواکارین حکوومەتی فیدراڵ و هەموو لایەنە سیاسییەکان پێداچوونەوەیەکی جیددی بۆ ئەم ڕەوشە بکەن و هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەموو هاوکارییەک، تا لەمە زیاتر ژیان و ئاسوودەیی هاووڵاتیان نەکەوێتە بەر هەڕەشەی تیرۆریستان و سنوورێک بۆ ئەم ڕەوشە نالەبارە دابندرێت.
 
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

29ـی 7ـی 2013

هەواڵی پەیوەندیدار