روونكردنەوەیەك بۆ نەوا و رای گشتی

رێزگرتن لە بۆچوونی كەسێتی، مانایی خۆی هەیە و هیچ كەسێك ناتوانێ بە زۆریی یاخود بە هۆكارێكی دیكە رایەكت پێ دەرببڕێت، من وەك ئەزموونی كاركردنی سیاسیم، هیچ كاتێك هەوڵی بێڕێزكردنم نەداوە بەرامبەر بەو ناوەند و دامەزراوانەی لە بواری جیاجیایی میدیاییدا كار دەكەن، لە هەمانكاتیشدا یەكێك نیم لەوانەی بەبێ هۆكار و بەبێ بوونی رۆژەڤێكی گرنگ قسە بۆ میدیا بكەم و تەنیا بابەتی دووبارە لە پێناو ناو دەركردن دووبارە بكەمەوە. ئەو بابەتەی رادیۆی نەوا باسی لێوە دەكات و تۆمەتی بێڕێزكردنی داوەتە پاڵ من بەرامبەر بە میدیاكارێكی ئەوان، لە ڕاستییەوە دوورە و پێشم باش نەبوو وەڵامییان بدەمەوە، تەنیا ویستم خەڵكی راستیەكان بزانن، ئەو بەڕێزانە چەندجارێك ویستوویانە وەڵامی چەند پرسیارێكی بەرنامەیەكی ئەوان بدەمەوە، بەڵام بە چەند هۆكارێكیش من ئامادە نەبوومە و ئەمەیش مافێكی سرووشتی خۆمە، كەس و هیچ لایەنێك ناتوانێ ناچارم بكات قسەم پێ بكات و لێدوانم لێوەر بگرێت. لێرەوە كوردستانیانی خۆشەویست و دامەزراوە میدیایی و كۆمەڵگای مەدەنی دڵنیا دەكەمەوە، رێزێكی تایبەتیم بۆ كاری میدیایی هەیە و پیشەیەكە لە خزمەت مرۆڤایەتی، نەك بێڕێزیكردن بەرامبەر بە مرۆڤایەتی، لەم ڕوانگەوەیە هەمیشە مامەڵەم لەگەڵ دامەزراوە میدیایی و میدیاكاران كردووە و نەمویستووە شتێك بڵێم تێدا بێڕێزی بێت بەرامبەر بە لایەنێك یان دامەزراوەیەك یا هەر كەسێكی تر، پەروەردەیی سیاسی و رێبازی پارتایەتیم و پەروەردەیی خانەوادەییم هەمیشە رایهێناوم لەسەر رێزگرتن، بەڵام دەبوو رادیۆیی نەوا و ئەو بەڕێزەیش دەڵێت: بێڕێزی بەرامبەرم كراوە، رێزیان لەوە بگرتایە، كە من بەشێوەیەكی سرووشتی مافی خۆم بەكارهێناوە كە ناتوانم لێدوان بدەم، لەبەر كاركردن و هۆكاری نەبوونی بابەتێكی گرنگ بۆ قسە كردن و هەروەها پێم راگەیاندووە بەڕێزەوە كە من كاتم نییە و سەرقاڵم. جارێكی تر رێز لە هەموو رایەك دەگرم و پێویستیش بوو، بەڕێوەبەرانی ئەو رادیۆییە پێش بڵاوكردنەوەی روونكردنەوەكەیان رایی منیان وەربگرتایە، ئاخۆ من چۆن وەڵامی میدیاكارەكەیانم داوەتەوە..
لەگەڵ رێزمدا قادر عەبدول عەزیز(قادر قاچاخ)




