٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

نوێنەری un لەعێراق: نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە بەرامبەر بەردەوامبوونى تەنگژەى سیاسیی عێراق

سەرچاوە: AK News

نوێنەری تایبەتى سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نیگەرانیی رێكخراوەكەى دەربڕى بەرامبەر بەردەوامبوونى تەنگژەى سیاسی لە عێراق.

مارتن كۆبلەر دوێنێ دووشەممە 25\6\2012 لە دیدارێكدا لەگەڵ عەمار حەكیم سەرۆكى ئەنجوومەنى باڵای ئیسلامى لە بەغدا رایگەیاند: نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەرانە بەرامبەر بەردەوامبوونى تەنگژەى سیاسیی عێراق و دووپاتی كردەوە كە رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكان دەست لە كاروبار و كێشەى هێچ وڵاتێك وەرنادات.

لەو دیدارەدا نوێنەری تایبەتى سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئاماژەى بەوەشدا كە پێویستە حكوومەتى عێراق باشترین خزمەتگوزاری پێشكێشی هاووڵاتییانى بكات و ئەو تەنگژانەى ئێستە نەبنە ئاستەنگ لەبەردەم گەشەسەندنى عێراق و خۆشگوزەرانى هاووڵاتییانى عێراقی لە سەرجەم بوارەكانى ژیاندا.

هەروەها كۆبلەر بەردەوامی پاڵپشتیی رێكخراوەكەشى دووپات كردەوە بۆ سازدانى گفتوگۆ لەگەڵ گشت لایەن و پارتە سیاسییەكانى عێراق لەوبارەیەشەوە رایگەیاند: ئەم دۆخەى ئێستا كە عێراق پێیدا دەڕوا لە بەرژەوەندى عێراق و گەلەكەیدا نییە.

لەلای خۆشەیەوە حەكیم بەپێویستی زانی عێراقییەكان خۆیان تەنگژەی سیاسیی ئێستا چارەسەر بكەن، هاوكات رۆڵى رێكخراوى نەتەوە یەكگرتووەكانیشى بەرز نرخاند لە گرینگیدانی عێراق لە دۆخە هەستیارەكاندا.

هەواڵی پەیوەندیدار