جەمیل چیچەك: پەرلەمانی توركیا زۆر بێ دەسەڵاتە

ئەنقەرە- KDP.info/ رۆژی یەك شەممە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك سەبارەت بە پەسەند كردنی 8 مادەی دیكە لە دەستووری نوێ ئەو وڵاتە لە لایەن كۆمیتەی ئامادەكارەوە رایگەیاند كە دوای هەوڵدان و گفتووگۆیەكی زۆر چڕ رۆژی یەك شەممە كۆمیتەی ئامادەكار توانی 8 مادەی دیكەی دەستووری نوێ توركیا قەبووڵ بكات.
لەم بارەیەوە كاناڵی ئین تیڤی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆكی پەرلەمانی توركیا جەمیل چیچەك رایگەیاندووە كە هەوڵدانەكانی ئامادە كردنی دەستووری نوێ توركیا بەردەوامن و كۆمیتەی ئامادەكار رۆژی یەك شەممە 8 مادەی دیكەی قەبووڵ كردووە و بەمجۆرە تا ئێستە 56 مادەی دەستووری نوێ ئامادە كراون.
سەبارەت بە پەرلەمانی توركیایش جەمیل چیچەك ئاماژەی بەوە كردووە كە پەرلەمانی توركیا زۆر بێ دەسەڵاتە و بۆی نییە كە كاتی پشوو، دەست بە كار كردنەوە، چۆنیەتی گفتووگۆ كردن لە سەر پرۆژە یاساكان بۆ خۆی دەستنیشان بكات.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە پەرلەمان لە ژێر كونترۆڵی ئەنجومەنی وەزیراندایە و ئەنجومەنی وەزیران پەرلەمان بەرێوە دەبات و پەرلەمان وەكو دەزگایەكی یاسادانان تەنیا وەكو نووسینگەیە.




