توركیا پشتگیری لە راگەیاندنی سەربەخۆیی لە باكووری سوریا دەكات

ئەستەنبۆڵ- KDP.info/ پێنج شەممەی رابردوو هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكراتیك لە سوریا(پەیەدە) سالح موسلیم لە سەر بانگهێشتێكی نهێنی وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆ سەردانی ئەو وڵاتەی كردبوو و لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی توركیا كۆ ببوویەوە.
لەم بارەیەوە كەناڵی 24ی توركی بڵاوی كردەوە كە سالح موسلیم لە سەر بانگهێشتی فەرمی وەزیری دەرەوە ئەحمەد داوود ئوغڵۆ سەردانی ئەستەنبۆڵی كردووە و دوای كۆتایی هاتنی دیدار و چاوپێكەوتنەكانی نێوان هەر دوولا، سالح موسلیم راگەیاندووە كە ئەوان وەكو پەیەدە لەگەڵ حكوومەتی توركیادا سەبارەت بە باكووری سوریا ( رۆژئاوای كوردستان) پێك هاتوونە و توركیا بەڵێنی پشتگیری كردن لە راگەیاندنی سەربەخۆیی و دەسەڵاتی كوردی لە باكووری سوریا داوە.
موسلیم جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە ئەگەر دەستەی باڵای كوردی لە سوریا بتوانێت ئوپوزسیونی ئەو وڵاتە بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی رازی بكات ئەوا توركیایش نە تەنیا لاری نییە بەڵكو ئامادەیە هەر جۆرە پشتگیری و هاوكارییەكیش پێشكەش بەكات.




