بەبۆنەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز 5 رۆژ پشووی فەرمی راگەیندرا
هەولێر- KDP.info/ ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 28ی تەممووزی 2013، بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی ئاساییی ئەنجومەنی وەزیران، ساز كرا.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا پڕۆژە یاسای (بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو لە هەرێمی كوردستان) گفتوگۆی لەسەر كرا. بە پێی ئەم پڕۆژە یاسایە دەبێ ئاوای خاوێن بۆ پێداویستییە سەرەكییەكانی مرۆڤ و كەرتەكانی پەرەسەندن وەك كشتوكاڵ و پیشەسازی بۆ ئێستا و دواڕۆژ دابین بكرێت. هەروەها سەرچاوەكانی ئاو لە بەفیڕۆدان و پیسبوون و خراب بەكارهێنان بپارێزرێن و قەبارەی گلدانەوەی ئاو زیاد بكرێت و باش بەكار بهێنرێت و دەزگاكانی چاك بكرێنەوە.
هەر بە پێی ئەم پرۆژە یاسایە دەبێ بەڕێوەبردنی سەرچاوەكانی ئاو ڕێك بخرێتەوە و بەكارهێنەرانی ئاو لە هەموو قۆناغەكاندا بۆ پەرەپێدان و وەبەرهێنان هاوبەش بكرێن و ئاو بە پێی ستانداردە كارپێكراوەكان بپارێزرێت. پەرەپێدانی تەواویش لە سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمدا بكرێت و سەرچاوەكانی ئاوی سروشتی و دروستكراو و كانیاو و ڕووبارەكان بە شێوەیەكی بەردەوام بپارێزرێن و بەنداوی تازە دروست بكرێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و وشكەساڵی و چارەسەركردنی كێشەكان و بەڕێوەبردنیان.
لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری كشتوكاڵ و ئاودێری ڕوونی كردەوە كە بۆ گلدانەوە و پاراستنی ئاوی باران و لافاوەكان؛ تا ئێستا (86) پۆنگ (واتە بەنداوی بچووك) لە هەرێمی كوردستان دروست كراوە و دەیانی دیكەش دروست دەكرێن. دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی وەزیران و خستنەڕووی چەندین تێبینی، بڕیار درا بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەكان؛ پێداچوونەوە بۆ پڕۆژە یاساكە بكرێت و بۆردێك بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی ئاو كە سەر بە ئەنجومەنی وەزیران و بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران و ئەندامیەتیی وەزارەتە پەیوەندارەكان بێت، دروست بكرێت.
دوای ئەوە پڕۆژە یاسای (پاراستنی مافەكانی منداڵ لە هەرێمی كوردستان) پەسەند كرا، ئامانجی ئەم پڕۆژە یاسایه ئەوەیە لە هەموو ڕوویەكەوە پەرە بە ڕەوشی منداڵان لە هەرێمی كوردستان بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێك بۆ منداڵ تاكو شانازی بە ناسنامەی نیشتمانیی خۆیەوە بكات و وابەستەی بێت. هەروەها دەرفەتی خوێندن بۆ هەموو منداڵان لە قۆناغەكانی خوێندنی بەر لە زانكۆ دابین بكرێت و گەرەنتیی ئەوە بكرێت كە منداڵان ئازادانە و بەرپرسانە لە كۆمەڵگایەكی هاوكاردا كە لەسەر هۆشیاری بە ماف و ئەركەكان بنیات نراوه، بژیت و هەموو مافەكانی بپارێزرێن.
هەر بە پێی ئەم پڕۆژە یاسایە، دەبێ كۆمەڵگا بە فراوانترین شێوه و بە بەكارهێنانی تەواوی شێوازە گونجاوەكان، دەربارەی مافەكانی منداڵان هۆشیار بكرێتەوە و مندڵان بە پێی تەمەن و پێگەیشتن و توانستیان لە بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگەییدا بەشدار بن؛ بۆ ئەوەی لەسەر خۆشەویستیی كار و گیانی دەستپێشخەری و پشتبەخۆبەستن و لێبوردەیی گەورە ببێت و چاودێریی تەندروستییان بۆ دابین بكرێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پڕۆژە یاسای هەمواركردنی یاسای سەندووقی پشتگیریی پڕۆژە بچووكەكان بۆ گەنجان لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەسەر كرا و بڕیار درا لە چوارچێوەی پرۆژەی پێدانی قەرزی بچووكدا؛ بودجەیەكی تایبەت بۆ ئەو گەورە كچانەی كە تەمەنیان لە نێوان (35) بۆ (45) ساڵدایە؛ تەرخان بكرێت. هەروەها بڕیار درا بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو قەرزانەی كە تا ئێستا دراون؛ لەپێناو دەوڵەمەندكردن و فراوانكردن و چاككردنی سیستەمی پێدانی قەرزەكاندا، لیژنەیەك دروست بكرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر دامەزراندنی (فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ئەنجومەنی وەزیران) درا. بە دروستبوون و دەستبەكاربوونی ئەم فەرمانگەیە پەیوەندیی سەرۆكایەتیی حكوومەت و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان و دامودەزگاكانی حكوومەت لەگەڵ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی كار و چالاكی و بڕیارەكانی حكوومەت؛ لە لایەن ڕۆژمانەنووسانەوە باشتر دەبێت و میكانیزمێكی كارا بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی ئەم پەیوەندیانە دێتە كایەوە.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ڕۆژانی پشووی جەژنی ڕەمەزان دیاری كران كە پێنج ڕۆژە و دەكەوێتە ڕۆژانی پێنجشەممە 8ی ئاب، تا دووشەممە 12ی ئاب و ڕۆژی سێشەممە 13ی ئاب لە دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەوامی فەرمی یە.




