زافر عانی : بەندكراوە هەڵاتووەكانی تاجی و ئەبوغرێب گەیشتوونەتە ناو خاكی سوریا

بەغدا – KDP.info/ دوای ئەوەی یەكشەممەی رابردوو نزیكەی هەزار بەندكراوی لە گرتووخانەكانی تاجی و ئەبوغرێب لە بەغدا هەڵاتن كە ژمارەیەكی زۆری بەرپرسانی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە و گروپە توندڕەوەكانیان تێدابوو؛ هێزە ئەمنییەكانی عێراق هەوڵەكانیان چڕكردەوە بۆ دەستگیركردنەوەیان, بەڵام نەیانتوانی هەموو دەستگیربكەنەوە و لایەنە سیاسییەكانی عێراقیش یەكتریان تۆمەتبار كرد . لەلایەن خۆیەوە بەرپرسێكی نزیك لە ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چەند زانیارییەكی نوێی لەبارەی شوێنی ئەو بەندكراوانەی هەڵاتوو ئاشكرا كرد كە گوایە ژمارەیەك لەو سەركردانەی قاعیدە كە لەو دوو گرتوخانە هەڵاتوون گەیشتوونەتە ناو خاكی سوریا. لەمبارەیەوە زافر العانی گوتەبێژی رەسمیی لیستی موتەحیدون بە سەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی رایگەیاند كە ماوەیەك بەر لە هەڵاتنی ئەو بەندكراوانە ژمارەیەك بەندكراوی سەربە قاعیدە كە لە گرتووخانەی ناسرییە دەستبەسەكرابوون گواسترانەوە گرتووخانەكانی تاجی و ئەبوغرێب. ئەم زانیاریانەی كە زافر ئەلعانی لە راپۆرتێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستكەوتووە؛ ئاماژە بەوەش دەكەن كە ژمارەی ئەو بەندكراوانەی هەڵاتوون حەوت سەد و سیی و شەش بەنداكراوی حوكمدراون كە زۆربەیان سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەن و دوای هەڵاتنیشیان خۆیان گەیاندۆتە ناو خاكی سوریا و پەیوەندییان بە گروپی نەسرەوە كردووە.




