لە رۆژانی ئایندە جوتێك حاجی لەق لەق لەشوێنی لەق لەقەكەی پاركی شاری دادەنرێن

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / دوای هەوڵ و كۆششی زۆر بۆ هاوردنی جووتێك حاجی لەقلەق بۆ سەر هێلانەكەی مزگەوتی خانەقای هەولێر كە لەو كاتەی لەلایەن كەسێكی چەكدارەوە لەرۆژگاری نەگریسی شەری ناوخۆ لەسالی 2006تیرۆركرابوو، بەم هۆیەشەوە هێلانەكەی بەبێنازی مابووەوە، ئەمرۆ لە دیدارێكی تایبەت لە دیوانی پارێزگا هەریەك لە هوشیار نوری لەك لە سەنتەری رۆشنبیری و كلتووری بەهرەو مام زیاد شێروانی و دەشتی مەلا سمایل باغەمرەیی شارەزا لە بواری پەروەردەكردن و راهێنانی بالندە و بەتایبەتیش حاجی لەقلەق، لەگەل بەرێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پارێزگای هەولێر كۆبوونەوە.
لە دیدارەكەدا سەركەوتنی هەولەكان راگەیاندرا كە جووتێك حاجی لەقلەق وەكو بەرنامەی یەكەم كە تەمەنیان كەمتر لەسالێكە ئامادەن بۆ دانانەوەیان لە سەر هێلانەكەو راهێنانیان لەگەڵ ژینگەی دەورووبەرەكەو دابین كردنی پێداویستی بژێوی و خۆراك بۆیان و، تەرخان كردنی كەسانێك بۆ چاودێری و سەرپەرشتیكردنیان و بەر لە جەژنی رەمەزانی پیرۆزیش جووتە حاجی لەقلەقەكە دادەنرێن و نیشتەجێ دەكرێن .
بەرێوەبەری راگەیاندنی پارێزگا رایگەیاند كە پارێزگاری هەولێر زۆر پەرۆشی ئەم بەرنامەیە بووەو هەموو پشتەوانییەكی لەم كارە كردووە، كە سالانێكە خەلكی هەولێر پەرۆشی ئەوە بوونە دووبارە حاجی لەقلەق بگەرێتەوە سەر ئەو منارەیەو تێكەل بەژیانی خەلكی هەولێر ببێتەوە، راشیگەیاند كە ژمارەیەكی زۆرتر لە حاجی لەقلەق بۆ ئەم دەورووبەرەی مزگەوتەكەو پاركی شار و ئەو پاركانەی تری شاری هەولێر دەهێنرێن و رادەهێنرێن بۆ مانەوەیان بەشێوەی هەمیشەیی وەكو كلتوورێكی رەسەنی شاری هەولێر . .




