پۆلیسی هەولێر بازرگان و فرۆشیارانی تۆنترەقە سزا دەدات

هەولێر-KDP.info/ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، رایدەگەیەنێت كە هەڵمەتی سزادانی بازرگان و فرۆشیارانی تۆنترەقە و یاریی ئاگرینی منداڵانیان دەست پێكردووە و هەر كەسێكیش سەرپێچیی رێنماییەكان بكات، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەكرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمیدی مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، رایگەیاند كە هەڵمەتێكی چڕی سزادانی ئەو بازرگان و فرۆشیارانەیان دەست پێكردووە كە لە هەولێر و دەوروبەری بازرگانی بە یاری ئاگرینەوە دەكەن و تۆنترەقە بە منداڵان دەفرۆشن.
عەبدولخالق تەڵعەت، روونیشی كردەوە كە هەر بازرگان و فرۆشیارێك پێچەوانەی رێنماییەكان بازرگانی بە تۆنترەقە و یاری ئاگرینی منداڵانەوە بكات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت و بە گوێرەی یاسا سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە گازندەی دانیشتووانی ناحیەی دارەتوو لە هەولێر كە بە گوتەی خۆیان بەكارهێنانی تۆنترەقە لە لایەن منداڵانەوە جاڕسی كردوون، رایگەیاند كە بنكەی پۆلیسی ئەو ناحیەیە ئاگادار دەكەنەوە بەوەی هەڵمەتەكە چڕتر بكەنەوە و هەموو ئەو فرۆشیارانە سزا بدەن كە تۆنترەقە بە منداڵان دەفرۆشن.




