پزشكی دادی توركیا: گازی بیبەر كوشەندەیە

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرەڕای رەخنە و نارەزایەتییە توندەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و یەكیەتی ئەورووپا لە دژی بەكار هێنانی گازی بیبەر لە لایەن پولیسی توركیاوە لە دژی خۆپێشاندەران، بەڵام پولیسی ئەو وڵاتە بەردەوام ئەم گازە بەكار دەهێنێت و دەڵێت ئەم گازە بێ زەرەرە بۆیە پولیس بەكاری دەهێنێت.
لەم چوارچێوەیەدا ماڵپەری پرێس تورك بڵاویكردەوە كە رۆژی هەینی پزشكی دادی توركیا لە ئەنقەرە رایگەیاندووە كە گازی بیبەر كوشەندەیە و دەتوانێت ببێتە هۆكاری گیان لە دەستدانی هاووڵاتیان.
پزشكی دادی توركیا لەم بارەیەوە ئاماژەی بە راپۆرتی ئوتوپسی ئامادەكراو سەبارەت بە هۆكاری مردنی خۆپێشاندەرێكی گەنجی توركیا بە ناوی چایان بیربەن كردووە و گوتوویەتی: چایان بیربەن بە هۆی گازی بیبەرەوە رووبەرووی خوێنرێژی مێشك بووەتەوە و گیانی لە دەستداوە.
پزشكی دادی توركیا سەرقاڵی ئامادە كردنی راپۆرتێكی دیكەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بەكار هێنانی گازی بیبەر لە لایەن پولیسەوە قەدەغە بكات.




