پشتگیری كورد بۆ پارتی داد و گەشە پێدان پەرەی سەندووە
ئەستەنبۆل - KDP.info/ دەسەڵاتی پارتی داد و گەشە پێدان ( ئاكەپە) لە ماوەی 10 ساڵەی رابردوودابۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد سێ پرۆژەی جوراوجۆری پێشكەش كردووەو بەمجۆرە توانیویەتی تا رادەیەكی بەرچاو دەنگی دەنگدەرە كوردەكان بۆ خۆی كۆ بكاتەوە.
یەكەمین پرۆژەی ئاكەپە بۆ چارەسەری پرسی كورد پرۆژەی كرانەوە بە رووی كورد بوو و دووەمین پرۆژەیش پرۆژەی یەكێتی و برایەتی نەتەوەیی و سێیەمین پرۆژەش چارەسەری پرسی كورد بوو. هەر چەند دوو پرۆژەی یەكەم دەرئەنجامی باشیان لێ نەكەوتۆتەوە، بەڵام پرۆژەی سێیەم نەتەنیا لە لایەن كوردیشەوە پشتگیری لێكراوە بەڵكو بووەتە هۆكاری ئەوەی كە دەنگدەرە كوردەكان دەنگی خۆیان بە ئاكەپە بدەن و رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی ئەو كوردانەیش كە دەنگی خۆیان بە ئاكەپە دەدەن زۆرتر ببێت.
لەمبارەیەوە جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە سولێمان سۆیلو لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی ئاخەبەری توركی رایگەیاندووە كە بە هۆی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد، ژمارەی ئەو هاووڵاتییە كوردانەی كە پشتگیری لە ئاكەپە دەكەن رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندایە و ئەمەیش بەرهەمی هەر سێ پرۆژەی ئاكەپە بۆ چارەسەری پرسی كوردە.
سولێمان سۆیلو جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە پێش دەستپێكردنی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد، دوو پرۆژەی دیكە پێشكەش كراون و ئەم دوو پرۆژەیەش بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە زەمینە بۆ پێشكەشكردنی پرۆژەی قۆناغی چارەسەری و جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە خۆشتر بكرێت.
ناوبراو باسی ئەوەی كردووە كە بە هۆی هەنگاوەكانی حكوومەت لە چوارچێوەی قۆناغی چارەسەری پرسی كورددا، رۆژ بە رۆژ ژمارەی ئەو كوردانە كە دەنگی خۆیان بە ئاكەپە دەدەن زیاتر دەبێت.




