رۆژنامەی حوریەت: هاوسەرۆكی پەیەدە بەسەردانێكی نهێنی گەیشتۆتە توركیا

تورکیا – KDP.info/ رۆژنامەیەكی توركی ئاشکرای دەکات ، کە ساڵح موسلیم، هاوسەرۆكی پەیەدە بەسەردانێكی نهێنی گەیشتۆتە توركیاو بۆ ماوەی دوو رۆژ دەمێنێتەوە. پێش ئەو سەردانەش ئەردۆغان لەگەل وەزیری دەرەوە و سەرۆك ئەركانی سوپاو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری میت كۆبوونەوەیەكی نهێنی 3 كاتژمێری سازکردووە، رۆژنامەی حوڕییەت دەیلی نیوزی توركی بڵاویكردەوە، کە ئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات پەیەدە ، بەسەردانێكی پێشتر رانەگەیەندراو و بەشێوەیەكی نهێنی گەیشتۆتە ئەستەمبوڵ، دوای گەیشتنیشی بەشێوەیەكی نهێنی پێشوازی لێكراوەو دواتر بۆ شوێنێكی نادیار گوازراوەتەوە. رۆژنامەی حوریەت هەروەها بڵاویکردۆتەوە کە چاوەڕوان دەكرێت ساڵح موسلیم بۆ ماوەی دوو رۆژ لەو بمینێتەوە و لە گەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە گفتوگۆ بکات .هاوکات رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، کە رۆژێك بەر لە سەردانەكەی هاوسەرۆكی پەیەدە ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك وەزیرانی توركیاو وەزیری دەرەوەو سەرۆك ئەركانی سوپاو سەرۆكی دەزگای هەواڵگری میت كۆبوونەوەیەكی نهێنی تایبەت بە بارودۆخی خۆرئاوای كوردستانیان ئەنجامداوە كە ماوەی (3) كاتژمێری خایاندووە. پێشتر توركیا مەترسی خۆی لەوە راگەیاندبوو كە پەكەكە سوود لە بۆشایی ئەمنی دەبینێت لە ناوچە سنورییەكانی نێوان سوریا و توركیا.




