تونس.. لەدژی كوشتنی دووەم سەركردەی ئۆپۆزسیۆن،داوای رووخانی حكومەت دەكرێت

تونس – kdp.info/دوای ئەوەی محەمەد بەراهمی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی دامەزراندن ـ پەرلەمانی كاتی تونس و یەكێك لە سەرانی ئۆپۆزسیۆن لە تونس، كە سەر لەبەیانی پێنجشەممە لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی غەزالە لە باكووری شاری تونس تیرۆركرا، كاردانەوەی جیای لێكەوتەوە و ئەمڕۆش لەو وڵاتە خۆپیشاندان لە دژی حكوومەت سەریهەڵدا. لە مبارەیەوە سەرچاوەكانی هەواڵ بڵاویانكردەوە لە زۆربەی شارەكانی تونس خۆپیشاندان دەستیپێكردووە و خۆپیشاندەران داوای روخانی حكوومەت دەكەن، هاوكات سەرچاوەكانی هەواڵ ئاماژەیان بەوەكرد سەدان هاووڵاتی تونسی لەبەردەم بارەگای یەكێتی گشتی كار ئیدانەی كوشتنی براهمی دەكەن و هێزە ئەمنییەكانیش بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسك رێژیان بەكارهێنا. هاوكات لە چەند شارێكیش شەڕوپێكدادان لە نێوان خۆپیشاندەر و هێزە ئەمنییەكان رویدا. هەرلەو چوارچێوەیدا سێ ئەندام پەرلەمانی سەر بە ئۆپۆزسیۆن دەستیان لە كار كێشایەوە وەك نارەزاییەك بەرانبەر بە كوشتنی محەمەد براهمی.




