جارێكی دیكە داوای دەست لە كاركێشانەوەی حوسێن شەهرستانی دەكرێت

بەغدا – kdp.info/ ئیئتلافێكی سیاسیی لە عێراق، داوا لە حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات، دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە.شێخ عەباس ئەلمحەمەداوی ئەمینداری گشتی رۆڵەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: پاش ئەوەی حوسێن شەهرستانی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە شكستی هێنا لە دابینكردنی وزە بۆ هاووڵاتیان، بەتایبەتیش لە دابینكردنی سادەترین خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیان كە ئەویش كارەبایە، پێویستە ناوبراو بەزووترین كات دەست لە كاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بكات. ئەمینداری گشتی رۆڵەكانی عێراق هەروەها رایگەیاند: هەرچەندە هەناردەكردنی نەوتی عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو رووی لە زیاد بوون كردووە، لە گەڵ ئەوەشدا شەهرستانی نەیتوانیوە كێشەی دابینكردنی گاز بۆ وەزارەتی كارەبا دابین بكات، بۆئەوەی هاووڵاتیان رزگاریان بێت لە قەیرانی دابەشكردنی كارەبا، ئەمەش كە وا پێویست دەكات نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەدوای جێگرەوەیەك بۆ شەهرستانی بگەرێت. پێشتریش ژمارەیەكی دیكەی لایەن و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای دەست لە كاركێشانەوەی شەهرستانیان كردبوو.




