لە میسر دژی تیرۆر و بۆ پشتگیری لە سوپا خۆپیشاندان دەكرێت

قاهیرە – kdp.info/ بە دەیان هاووڵاتی میسر خۆیان لە گۆڕەپانی تەحریری ناوەڕاستی شاری قاهیرەی پایتەختی ئەو وڵاتە ئامادەكردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە خۆپیشاندانی یەك ملیۆنی لە ژێر ناوی نا بۆ تیرۆردا بكەن، كە پێشتر عەبدولفەتاخ ئەلسیسی وەزیری بەرگری میسر لە وتارێكدا داوای سازكردنی ئەم خۆپیشاندانەی لە گەلی وڵاتەكەی كرد. هاوكات كەناڵە تەلەفزیۆنەكانی ناوخۆ و بیانیش بە شێوەیەكی راستەخۆ دیمانەكانی چوونی هاووڵاتیانی میسر بۆ ناو گۆڕەپانی تەحریر دەگواستنەوە و لەلایەكی دیكەشەوە تەواو رێگای هاتوچۆكانی بەرەدەم وەزارەتی بەرگری میسر داخران، ئەمەش وەك گرتنە بەری رێوشوێنی ئەمنی بۆ رووبەرووبونەوەی لە هەر جموجۆڵێك گەر هاتوو لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین بۆ سەر بارەگای وەزارەتی بەرگری میسر ئەنجامی بدەن. ئەمرۆش دوو خۆپیشاندانی گەورەی یەك ملیۆنی لە میسر بەڕێوەدەچن كە یەكێكیان لە ژێر ناوی تیرۆر لەلایەن نەیارانی ئیخوانیەكان بەڕێوە دەچێت و ئەوەی دیكەش لەلایەن لایەنگرانی ئیخوانییەكانەوە بەڕێوە دەچێت.




