ئامادەنەبوونی بەرپرسانی كارگێڕی و ئەمنی بەغدا و دیالە لەپەرلەمان، دۆسیەی مافی مرۆڤ ئاڵۆز تر دەكات

بەغداد - KDP.info/ ئەندامێكی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەران رایگەیاند ئەمڕۆ بەرپرسانی كارگێڕی و ئەمنی پارێزگاكانی بەغدا و دیالە لە پەرلەمانی عێراق ئامادەنەبوون و دواخرا بۆ یەك شەممە، بەڵام هەر خۆدزینەوەیەكی بەرپرسان لەدۆخی ئەمنی، باری ئارامی عێراق بەرەو خراپتر بوون دەبات و دۆسیەی مافی مرۆڤیش ئاڵۆزتر دەكات.
ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف، بە (KDP.info)ی راگەیاند لەدانیشیتنی ئەمڕۆ بەرپرسانی كارگێڕی و ئەمنی پارێزگاكانی بەغداد و دیالە لەئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەنەبوون بۆ ئەوەی هۆكار و چارەسەری ئەم دۆخە ناهەموارەی عێراق روونبكەنەوە بۆ پەرلەمانتاران، بەكۆی دەنگ میواندارییەكەیان دواخرا بۆ رۆژی یەكشەممە 28ی تەمووز".
ئەشواق جاف كە هاوكات ئەندامی هاوپەیمانی كوردستانییە گوتی: هەر ئامادەنەبوونێكی بەرپرسانی كارگێڕی و ئەمنی عێراق لەئەنجوومەنی نوێنەران بۆ روونكردنەوەی تێكچوونی باری ئەمنی پارێزگاكانیان، نیشانەی پرسیار لەسەر ئەو بەرپرس و یەكانە دروست دەكات كە بۆ ئامادەنابن.
باسی لەوەش كرد، پێویستە ئەگەر رۆژی یەكشەممە ئەو بەرپرسانەی بەغدا و دیالە لەپەرلەمانی عێراق ئامادەنەبوون ئەوا ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆڵی كاریگەری چاودێری خۆی بنوێنێ، چونكە هەر فەرامۆشكردنێكی تێكچوونی دۆخی ئەمنی عێراق سەرەڕای تێكچوونی باری ئاسایشی عێراقی لێدەكەوێتەوە، هەمانكات دۆسیەی مافی مرۆڤ لەعێراقدا ئاڵۆزتر دەكات بەوەی ژمارەی بێوەژن و منداڵی بێنەوا و چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێ كەدواتر زۆر قورس دەبێ لەسەر عێراق چارەسەركردنیان.
لەچەند رۆژی رابردوودا رێكخراوی قاعیدە هێرشی كردە سەر هەردوو زیندانی ئەبوغرێب و تاجی و نزیكەی هەزار زیندانی هەڵاتن، هاوكات تابێت ژمارەی تەقینەوە و كارەكانی كوشتن لەعێراقدا روو لەهەڵكشانە.




