٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆبۆوە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ پێنج شەممە 25/7/2013 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کۆبۆوە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەمەبەستی ئاگادار کردنەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە قۆناخە سەرەتاییەکانی کاری کۆمیتەی ئامادەکاری ئەنجام درا، سەرۆک بارزانی داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە وەک نوێنەری نەتەوەی کورد کار بکەن نەک وەک نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان.

سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە دەبێ بەرژەوەندیی کورد بکەنە بنەمای کارکردنیان و هەموویان پێکەوە وەک یەک تیم کار بکەن و کەس هەوڵ نەدات هەژموون و ئەجێندای حزبەکەی بەسەر کاری کۆمیتەکەدا بسەپێنێ.

سەرۆک بارزانی پاڵپشتیی خۆی و دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەموو هەنگاو و قۆناخەکانی بەستنی کۆنگرە ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە ڕۆڵی جەنابیان کۆکردنەوە و کارئاسانی و پشتیوانیی سەرخستنی کاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە و دەبێ کۆمیتەی ئامادەکار و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆی بەردەوامدا بن بۆ سەرخستنی کۆنگرەکە.

لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون ڕا و بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆیان لەبارەی لایەنە تەکنیکییەکانی کۆنگرەکە خستەڕوو و لەسەر ئەوە هاوڕا بوون کە پێویستە ئامانجی هەموو لایەک سەرخستنی کۆنگرەکە بێت و نابێ هیچ لایەنێک ڕێگە بەخۆی بدات کۆسپ و تەگەرە بۆ کاروباری کۆنگرە درووست بکات، چونکە هەموو کورد و دۆستانی کورد لە سەرانسەری جیهان چاوەڕوانی ئەو هەنگاوە مێژووییەن کە لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە پێناو بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەستیان پێکردووە.

ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری ئەوەیان دووپات کردەوە کە کۆمیتەکە تەنیا کاری تەکنیکی و ئیداری دەکات بۆ چۆنییەتیی بەستنی کۆنگرەکە، نەک بڕیاری سیاسیی لەسەر ئەرک و تەوەر و بڕیارەکانی کۆنگرە بدات، بۆیە هەموولایەک داوایان کرد سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان وەک تیمێک کار بکەن و لە ئێستاوە کۆسپ بۆ سەرخستنی کۆنگرەکە دروست نەکەن. هەروەها هەموو لایەک دڵنیاییان دا بە سەرۆک بارزانی کە کارەکانی سەرخستنی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەردەوام دەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار