غالب ئەنساریئوغڵۆ: دواین بڕیار بڕیاری ئۆجەلانە

ئەنقەرە- KDP.info/ پەرلەمانتاری شاری دیاربەكری پارتی داد و گەشە پێدان غالب ئەنساریئوغڵۆ لە بەرنامەیەكی تایبەتی كەناڵی تەگەرەتە خەبەری توركیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پێشهاتە سیاسییەكانی ئەم دوایەی توركیای كرد و رایگەیاند كە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد دەرفەتێكی مێژووییە بۆ كورد و تورك و دەتوانن پێكەوە سوود لەم قۆناغە مێژووییە وەربگرن.
غالیب ئەنساریئوغڵۆ باسی رۆلی ئۆجەلانی لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورددا كرد و گوتی: ئەگەر ئۆجەلان نەیەوێ پەكەكە و بەدەپە ناتوانن بە سەری خۆیان هیچ جۆرە بریارێك بدەن و هیچ جۆرە هەنگاوێك بنن. ئۆجەلان فاكتەری هەرە گرنگ و سەرەكی قۆناغی چارەسەرییە بۆیە پێویستە حكوومەتی توركیا رۆلی ئۆجەلان بە هەند وەربگرێت، ئەگەر ئۆجەلان نەبێت یا ئەگەر ئۆجەلان داوا نەكات ئەوا هیچ كەس ناتوانێت پەكەكە رازی بكات كە هێزەكانی خۆی لە توركیا بكێشێتەوە.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە بۆ قۆناغی چارەسەری پرسی كورد، كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە و دانانی چەك لەلایەن پەكەكەیەوە دواین بریار بریاری ئۆجەلانە و تا ئۆجەلان داوا نەكات پەكەكە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نابێت چەك دابنێت.




