موئەیەد تەیب: پێشبینی دەكرێت لەدوای جەژن لیژنە هاوبەشەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی دەست بەكاربن

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەپێی رێكەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بڕیاردرا بە پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو لیژنانە دەستبەركار نەبوونەو وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستانیش دەڵێت پێشبینی دەكرێت ئەو لیژنانە دوای جەژن دەست بەكاربن.
موئەیەد تەیب وتەبێژی لیستی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆkdp.infoگوتی:تاوەكو ئێستا ئەو لیژنە هاوبەشانەی كە بەرێكەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بڕیاری پێكهێنانی درابوو دەستبەكارنەبوونە كە ژمارەیان شەش لیژنەیە و ئەو شەش لیژنەیەش لەلایەن لیژنەیەكی باڵاوە سەرپەرشتی دەكرێن و لیژنەكانیش تایبەتن بە پێشمەرگەو مەلەفی ئەمنی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و لیژنەیەك بۆ سەرپەرشتی كردنی یاسای نەوت و غاز و دەستنیشانكردنی سنوری پارێزگاكان و چەند لیژنەیەكی تریش .
ناوبراو گوتی: ئەو لیژنانەی بڕیاری پێكهێنانی دراوە دەبنە هۆكاری جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و نوری مالكی.
موئەیەد تەیب سەبارەت بە كاتی دەستبەكاربوونی ئەو لیژنە هاوبەشانە گوتی: زانیاریەم لەسەر كاتەكە نییە بەڵام پێشبینی دەكرێت لەدوای جەژنی رەمەزان سەرجەم لیژنەكان دەستبەكاربن.




