٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە قوتابییە یەكەمەكانی پۆلی دوانزدەی ئامادەیی هەرێمی كوردستان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی 7ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە قوتابییە یەكەمەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی هەرێم لە ئەزموونە گشتییەكانی قۆناغی دوانزدەی بەشەكانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای بەخێرهێنانی قوتابیانی پیرۆزبایی گەرمی لە قوتابییە یەكەمەكان و خانەوادەكانیان و گەلی كوردستان كرد و هیوای سەركەوتنی لە گشت قۆناغەكانی ژیانیاندا بۆ خواستن. سەرۆك بارزانی خۆشحاڵیی خۆشی نیشان دا بەوەی كە ئەمساڵ زۆربەی قوتابییە دەرچووە یەكەمەكانی قۆناغی دوانزدە كچن و بە بابەتێكی زۆر ئەرێنی وەسف كرد.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە قۆناغی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستان لە ڕابردوودا كرد و هێمای بەوەدا كە ئەو بارودۆخە تازەیە و ئەو سەقامگیرییەی لە كوردستاندا هەیە بە زەحمەتێكی زۆرەوە هاتووەتە دی و قۆناغی ئاییندەش لەسەر شانی قوتابییە خۆشەویستەكانە كە دەبێ بە چەكی سەردەمیانەی زانست و فێربوون خزمەتی وڵاتەكەیان بكەن و بیپارێزن. سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەشدا كە نابێ قوتابیان و گەنجەكان لە وڵاتی خۆیان داببڕن و ئینتیمایان بۆ خاك و نیشتیمان لاواز ببێت چونكە مرۆڤی بێ وڵات و بێ خاك كەسێكی بێ ناسنامەیە. سەرۆك بارزانی لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە ئێستاكە لە زۆر لاوە هەوڵ هەیە كە گەنجانی ئێمە لە وڵات و مێژوو و بەهاكانی داببڕێنن و ئینتیمای لاواز بكەن و ئەوە ئەركی قوتابیانە كە بە هۆشیاری و چەكی زانست و فێربوون ڕووبەڕووی ببنەوە. سەرۆك بارزانی ئامۆژگاریی حكوومەتیشی دا كە بە دەم هەموو داواكاری و پێداویستییەكانی قوتابیان بڕوات و پاڵپشتیی تەواوی خۆشی بۆ ئەو چینە زیندووەی كۆمەڵگە ڕاگەیاند.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا دەرگەی گفتوگۆ و پرسیاری قوتابییە یەكەمەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە و قوتابیان تێبینی و سەرنجەكانیان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و هەروەها ڕۆڵی بەڕێزیان لە بەرەو پێشبردنی هەرێم و دابینكردنی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە كوردستان هەیە و بووەتە مایەی سەركەوتنیان لە خوێندن. لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا قوتابییە یەكەمەكانی سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی هەرێم لە لایەن سەرۆك بارزانییەوە خەڵات كران.

هەواڵی پەیوەندیدار