فەرەج حەیدەری: بەهۆی دابین نەكردنی بودجە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق دوادەكەوێت

سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند: بەهۆی دابین نەكردنی بودجەی پێویست لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق كە بڕیار وایە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێ، دوا دەكەوێ.
فەرەج حەیدەری ئەمڕۆ دووشەممە 25/6/2012 بە ئاكانیوزی راگەیاندووە: بڕیار وایە لە كۆتای مانگی كانوونی دووەم/یەنایەری 2013 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق بەڕێوە بچێ، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێك گرفتەوە هەڵبژاردنەكە دوا دەكەوێ و ناتوانین لە كاتی دەستنیشانكراوی خۆیدا بەڕێوەی ببەین.
گوتیشی: یەكێك لە هۆكانی دواكەوتنی ئەو هەڵبژاردنە هەڵنەبژاردنی دەستەی نوێی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانە كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر تەواوی كارەكانی كۆمسیۆن داناوە.
ئاشكراشی كرد بەشێوەیەكی رەسمی لەماوەی رابردوودا داوای بڕی 10 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكاییمان لە حكوومەتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی ئامادەكاری هەڵبژاردنەكەی پێ ئەنجام بدەین، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی عێراق وەڵامی نەداوینەتەوە، ئەگەر ئێستا حكوومەتی عێراق بودجەی دابین بكا، دەتوانین لە مانگی ئادار/مارسی 2013 هەڵبژاردنەكە ئەنجام بدەین، بۆیە نازانین دواكەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی عێراق تا مانگی چەند دەخایەنێ"




