ئەحمەد داوود ئوغڵۆ: توركیا لە سوریا دژایەتی مافی پێکهاتەکان ناكات

ئەنقەرە-KDP.info/ وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆ سەبارەت بە رووداوەكانی باكووری سوریا و كاریگەرییەكانیان لە سەر توركیا رایگەیاند كە توركیا و سوریا دوو وڵاتی دەراوسێن بۆیە هەر جۆرە رووداوێك لە یەكێك لەم وڵاتانەدا كاریگەری لە سەر وڵاتی دیكە دەكات.
لەم بارەیەوە كاناڵی تیڤی 24 بڵاوی كردووەتەوە كە وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆ رایگەیاندووە كە توركیا لە دژی هەر جۆرە پێكهاتەیەكی دوفاكتۆیە لە سووریا بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە توركیا دژایەتی ماف و ئازادییەكانی پێكهاتەیەكی ئەو وڵاتە بكات، بەڵكۆ ئەمە تەنیا نیشانەی پاراستنی یەك پارچەی خاكی سوریایە.
ئەحمەد داوود ئوغڵۆ سەبارەت بە دەنگۆكانی راگەیاندنی خۆسەری لە باكووری سوریا ( رۆژئاوای كوردستان) لە لایەن پەیەدەیەوە رایگەیاند كە راگەیاندنی خۆسەری لە باكووری سوریا هیچ جۆرە كاریگەرییەكی لە سەر قۆناغی چارەسەری پرسی كورد لە توركیا نابێت بەڵام دەبێتە هۆكاری زەمینە خۆش كردن بۆ پارچە كردنی سوریا و توركیایش لە دژی پارچە كردنی سوریایە و ئەمەیش بەو مانایە نییە كە توركیا لە دژی مافی كورد یا هەر جۆرە پێكهاتەیەكی دیكەی قەومی لە سوریا بێت.




