٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

دادگای توركیا رەتیکردەوە خەتیب دیجلە ئازاد بکات

سەرچاوە: KDP.info

دیاربەكر- KDP.info/ لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە یاساییەكانی توركیادا یاسایەك ئامادە كرابوو كە بە پێ ئەم یاسایە ئەو گیراوانە كە ماوەیەكی درێژە بەبێ دادگایی كردن لە گرتووخانەدان دەتوانن بە بریاری دادگا ئازاد بكرن. سیاسەتمەداری ناوداری باكووری كوردستان خەتیب دیجلەیش یەكێك لەو گیراوانەیە كە بەبێ دادگایی كردن زیاتر لە 4 ساڵ و شەش مانگە لە گرتووخانەدایە.

لەم بارەیەوە رۆژنامەی تەرەفی توركی بڵاوی كردەوە كە بە ئارمانجی سوودمەند بوون لە یاسا نوێیەكە سیاسەتمەداری كورد خەتیب دیجلە لە رێگای پارێزەرەكانی خۆیەوە داوای لە دادگا كردووە و رایگەیاندووە كە زیاتر لە 4 ساڵ و شەش مانگە بەبێ دادگایی كردن لە سەر دوزی كەجەكە لە گرتووخانەدایە بۆیە داوای ئازادی خۆی دەكات.

دوای پێشكەش كردنی ئەم داواكارییە، دادگای سزای گرانی ژمارە شەشی دیاربەكر رایگەیاندووە كە گۆڕانكارییە یاساییەكانی ئەم دواییە شموولی دوزی كەجەكە ناكەن بۆیە خەتیب دیجلە بۆی نییە كە لەم گۆرانكارییانە سوودمەند بێت و ئازاد بكرێت.

جێگای ئاماژە پێكردنە كە خەتیب دیجلە یەكێكە لە سیاستەمەدارە ناسراوەكانی باكووری كوردستان و بە هۆی چالاكییەكانییەوە لە ساڵی 1994یشدا لەگەڵ لەیلا زانا چەند پەرلەمانتارێكی دیكەی كورد لە نێو پەرلەمانی توركیادا قۆڵبەست كران و بۆ ماوەی 10 ساڵ زیندانی كران و لە ساڵی 2004دا ئازاد كران بەڵام لە ساڵی 2008دا دووبارە لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر و زیندانی كراوەتەوە و تا ئێستەیش لە گرتووخانەدایە و سەرەتای ئەم مانگە دایكی كۆچی دوایی كرد بەڵام بەرپرسانی گرتووخانە مۆڵەتیان پێ نەدا كە بەشداری لە مەراسمی پەرسەی دایكی بكات.

هەواڵی پەیوەندیدار