٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لە توندوتیژییەكانی ئەمڕۆ بەیانیدا 6 كەس كوژران و 40ی دیكەش بریندار بوون

سەرچاوە: KDP.info

قاهیرە - KDP.info/ بە گوێرەی سەرچاوەكان، ئەمرۆ بەیانی لە میانی خۆپیشاندان و توندوتیژییەكانی ئەمرۆ بەیانی لە چەند ناوچەیەكی میسر 6 كەس كوژران و 40 كەسی دیكەش بریندار بوون . سەرچاوەكان ڕوونیان كردۆتەوە كە لە بەردەم زانكۆی قاهیر هێرش كرایە سەر خۆپیشاندەرانی لایەنگری مورسی و لە ئاكامدا كەسێك كوژراو پازدەی دیكەش برینداربوون . هەروەها لە شاری نەسر لە نزیك گۆڕەپانی رابیعەی عەدەوی لە كاتی هێرشێك بۆ سەر لایەنگرانی مورسی 2 كەس كوژران و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون . دوێنێش لە شارەكانی قاهیرە و قەلیولی باكووری قاهیرە شەڕو پێكدادان لە نێوان لایەنگران و نەیارانی مورسی روویداو لە ئاكامدا 3 كەس كوژران . لایەنگرانی مورسی لە دوێنێیەوە دەستیان بە خۆپیشاندانی یەك ملیۆنی كردووە و واش بڕیارە تا رۆژی هەینی بەردەوام بێت. لەلایەكی دیكەوە بنەماڵەو كەسوكاری محەمەد مورسی هێزەكانی سوپایان بە رفاندن و بێسەروشوێنكردنی مورس تۆمەتبار كرد، لەم بارەیەوە ئوسامە كوڕی محەمەد مورسی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هیچ یاسایەك و دەستوورێك نییە رێگا بدات بە بیانووی پاراستنی گیان، كەسێكی بێ تاوان دەستبەسەر بكرێت و لە رێگای تۆماركردنی سكاڵاوە لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوای ئازادكردنی باوكی دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە سوپای میسر دانی بەوە ناوە كەوا مورسی لەلای ئەوان دەست بەسەرە بۆ پاراستنی گیانی خودی مورسی. لە لایەكی دیكەشەوە وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا لە كۆتایی كۆبوونەوەی دوێنێی یەكێتی ئەورووپا لە برۆكسل بەیاننامەیەكیان بڵاوكردەوە و تێیدا داوای ئازادكردنی محەمەد مورسییان لەلایەن سوپای میسرەوە كرد جەختیشیان لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی بە پەلەو دیموكراتی لە میسر كردەوە . داواشیان كرد، پێویستە دەسەڵاتدارانی میسر هەوڵەكانیان زیاتر بۆ ئەو رووبەرووبوونەوە مەترسیدارانە بخەنە گەڕ، كە ئەمرۆ ئەو وڵاتە لە رووی سیاسی و ئابووری رووبەرووی بووەتەوە و بە تێروانینی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەورووپا، تاكە رێگا بۆ ڕزگاركردنی میسر لەو تەنگژە سیاسی و ئابوورییە زۆر خراپە رێوشوێنی بە پەلەو پێویست بۆ هەڵبژاردنی دیموكراتی بگیرێتە بەر و تەواوی زیندانیلنی سیاسیش ئازاد بكرێن لە سەرووشیانەوە مورسی .

 

هەواڵی پەیوەندیدار