ئەمەریكا.. سەرۆك ئەركان 5 بژاردەی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریا خستەڕوو

ئەمەریكا – KDP.info/ ژەنەرال مارتن دێمبسی سەرۆك ئەركانی هاوبەشی هێزە چەكدارەكانی ئەمەریكا لە نامەیەكدا كە دوو شەممە بڵاوكرایەوە و بۆ سیناتۆری دیموكراتخواز كارل لیفن سەرۆكی لیژنەی هێزە چەكدارەكان و سیناتۆری كۆماریخواز جۆ مەكین ناردووە كە لە دانیشتنێكی لیژنەی هێزە چەكدارەكانی سەر به ئەنجومەنی پیران پرسیاریان لێ كردووە، ئاماژەی بەوە داوە كە هێزەكانی ئەمەریكا دەتوانن چەند ئەركێك بۆ یارمەتیدانی چەكدارەكانی ئۆۆپۆزسیۆنی سووریا ئەنجام بدەن ئەگەر كۆشكی سپی داوایان لێ بكات ئەو كارە راپەڕێنن چ بە مەشق پێ كردن یان سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین یان ئەنجامدانی هێرشی سنووردار بۆ سەر چەند پێگەیەكی سەربازی بێت. پاش دانیشتنەكەی هەفتەی رابوردوویش مەكین هەڕەشەی ئەوەی كردبوو درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی دێمبسی لە پۆستەكەیدا دوادەخات تا وەڵامی ئەو پرسیارانە لەمەڕ سووریا نەداتەوە. دێمبسی لە نامەكەیدا ئاماژەی بەوە كردووە كە هەر هەموو ئەو بژاردانە فشاری زۆرتر دەخەنە سەر رژێمی سووریا و دەڵێت لە ساڵانی رابوردووەوە فێری ئەوە بوونە كە ئەوە بەس نییە هاوسەنگی هێزی سەربازی بە بێ لێكۆڵینەوەیەكی ورد بگۆڕین. دێمبسی لە نامەكەیدا دەڵێت هێزەكانی ئەمەریكا ئامادەن ئەم یارمەتیانەیش پێشكەش بكەن: مەشق كردن و راوێژكاری و یارمەتیدانی ئۆپۆزسیۆن كە ئەم جۆرە ئەركە مەشق كردن لەسەر چەك و نەخشەدانانی تەكتیكی و یارمەتی هەواڵگری و لۆجیستی دەگرێتەوەو مەزەندەیشی كردووە كە بڕی پێنج سەد ملیۆن دۆلاری بوێت. هەروەها جێبەجێكردنی هێرشی سنووردار لە دوورەوە لەمەیشدا هێرشی ئاسمانی و مووشەكی دەكرێتە سەر بەرگری ئاسمانی رژێم و بارەگاكانی فەرمامدایەتی بۆ تێكشكاندنی توانای حكوومەتی رژێم كە مانگانە یەك ملیار دۆلاری دەوێت. دامەزراندنی ناوچەیەكی دژە فرٍین كە پێویست بە سەدان فڕۆكەی هێرشبەرو یەكەی هاریكاری دەكات و رەنگە مانگانە بڕی یەك ملیار دۆلاری بوێت و مەترسی لەدەستدانی فڕۆكەی تێدایە لەگەلأ ئەگەری شكستی هێنان لە كەمكردنەوەی توندوتیژی. دامەزراندنی ناوچەی داخراو كە ئەم بژاردە پێویست بەبەكارهێنانی هێز دەكات بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە ناو سووریادا ئەو كاتیش ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت خۆی رێك بخات لەگەلأ پاراستنیان لە هێرشەكانی رژێم. خاڵی كۆتاییش كۆنترۆلأ كردنی چەكی كیمیاییە كە دێمبسی ئاماژەی بەوە كردووە كە رەنگە بەكارهێنانی هێزی كوشندە بۆ نەهێشتی بڵاوبوونەوەی چەكی كیمیایی و لەناوبردنی ئەو چەكە كیماییە زۆری رژێمی سووریا بشێت كە ئەنباری كردوون. دەڵێت ئەو بژاردەیەیش پێویست بە سەدان فڕۆكەو سەرباز دەكات لەسەر ئەرز و رەنگە مانگانە بڕی یەك ملیار دۆلاری بوێت.




