بەرپرسێکی پارتی لە دوزخورماتوو: داوای کوتلەی تورکمان بۆ دەرکردنی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە سیاسییە

دوزخورماتوو- تایبەت بەKDP.info/ بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو دەڵێت: داوای کوتلەی تورکمان بۆ دەرکردنی ھێزی پێشمەرگە لەو ناوچەیە سیاسییە، چونکە تێکچوونی رەوشی ئەمنی ئەو پارێزگایە ھیچ پەیوەندی بە ھێزی پێشمەگەوە نییە.
محهمەد مەلا ئیسماعیل بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو بەkdp.infoراگەیاند: ھێزی پێشمەرگە لەناو شار نییە و ئەمنیەتی ناو شار لە ئەستۆی پۆلیس دایە و بەڕێوبەری پۆلیسیش تورکمانە، بۆیە پێویستە پلانی ئەمنی ناو شار باشتر بکرێت، نەک داوا بکەن ھێزی پێشمەرگە دەربکرێت.
محهمەد مەلا ئیسماعیل راشیگەیاند: بەھیچ شێوەیەک پێشمەرگە ناکشێتەوەو لە شوێنی خۆیان دەمێننهوه، چونکە ئەمە داوایەکی سیاسییە و پەیوەندی بە تێکچونی رەوشی ئەمنی ئەو ناوچەیە نییە و ھەبوونی ھێزی پێشمەگە ھیچ کاریگەرییەکی خراپی بۆ سەر رەوشی ئەمنی ئەو ناوچەیە نییە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، تێکچونی رەوشی ئەمنی ئەوناوچەیە ھۆکارەکەی ئەوەیە شەڕێکە لە نێوان سونە و شیعە، چونکە سونەکان خۆیان لە حوسێنییەکان دەتەقێنەوە و شیعەکانیش بەھەمان شێوە خۆیان لە مزگەوتەکان دەتەقێنەوە و ئەو تەقینەوانەش کە دروست دەبن ئامانج لێی نە تورکمانە و نەکورد، بەڵکو شەڕێکە لە نێوان سونە وشیعە.
دوای ئەوەی لەماوەی رابردوو چەند تەقینەوەیەک لە گەڕەكهکانی تورکمان نشین لە دوزخورماتوو روویاندا، شاندێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین سەردانی دوزخورماتویان کرد و کوتلەی تورکمانیش لەمیانەی سەردانەکەیان داوای دەکردنی ھێزی پێشمەرگەیان لەو ناوچەیە کرد.




