كونسوڵخانەی ئەمریكا لەكەركووك ئیدانەی تیرۆركردنی شێخ عەبدوڵڵا سامی عاسی عوبێدی دەكات

کەرکووک – KDP.info/ كونسوڵخانەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەكەركووك بە توندی ئیدانەی تیرۆركردنی شێخ عەبدوڵڵا سامی عاسی عوبێدی ئەندامی لیژنەی ئەمنیو سەرۆكی كوتلەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك لە پاسەوانەكانی دەكات. لەبەیاننامەیەكدا كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە كەركووك رایگەیاند: شێخ عەبدوڵڵا سامی عاسی سیمبولی هۆزی عوبێد و سەركردەیەكی بەرێز بووە و بێ ماندوبوون كاری كردووە لەپێناو پێكەوەژیانی ئاشتیانەو برایەتی لەنێوان رۆڵەكانی پارێزگای كەركووكدا. هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە لەكاتێكدا ئێمە كردەوەی كوشتنەكەی ئیدانە دەكەین، لەدەستدانیشی زیانێكی گەورەیە لە پارێزگای كەركووك و هەموو هاوڵاتیانی عێراق دەكەوێت كە كار بۆ بنیادنانی عێراقێكی دیموكراتی یەكگرتوو دەكەن. لەبەیاننامەیەكدا كونسوڵخانەی ئەمەریكا رونیشیكردوەتەوە: کە شێخ عاسی هاوڕێیەكی دڵسۆز بوو بۆ هەموو ئەوانەی كە هەوڵیان بۆ ئاشتیو لەیەكگەیشتن دەدا، لەناخی دڵەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆمان دەردەبڕین بۆ خێزانو كەسوكارو هاوڕێكانی لە كەركوك. سەرۆكی كۆمەڵەی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك عەبدوڵڵا سامی عاسی لە گەڵ دوو كەس لە پاسەوانەكانی لەهێرشێكی چەكداریدا كوژران كە رۆژی دوو شەممە 22 ی تەموز لەرێگەی چەكی رەشاشەوە لەلایەن ئەو كەسانەوە جێبەجێكرا.




