هانی عاشور: هەوڵدان بۆ لابردنی نوجەیفی هەوڵێکی بێ هودەیە و سەرناگرێت

راوێژکاری لیستی ئەلعێراقیە دکتۆر هانی عاشور رایگەیاند هەوڵەکانی لابردنی نوجەیفی کارێکی دەستوری و یاسایی نییە و کاردانەوەیەکە دژی بەشداریکرنی نوجەیفی لە کۆبونەوەکانی هەولێر و نەجەف و ئەم هەۆلەش شکست دێنێت چونکە نوجەیفی لەماوەی پێشودا توانا و کارایی خۆی لەراپەراندنی کارەکانی ئەنجومەنی نوێنەران نیشان داوە.
عاشور لەبەیاننامەیەکدا کەکۆپیەکی بۆ سایتی kdp رەوانە کردووە روونی کردەوە کەکارکردن دژی نوجەیفی دەبێتە بەهێزکردنی بریارەکانی کۆبونەوەکانی هەولێر و نەجەف و هەندێک لەوانەی چونەتە دەرەوەی لیستی ئەلعێراقیە کاتی خۆی بەپاڵپشتی لیستەکەی نوجەیفیەوە لەشاری موسڵ چونەتە ناو هۆڵی پەرلەمانی عێراقەوە.
عاشور دوپاتی کردەوە کەبارودۆخی ئێستا تەنها بەگفتوگۆ چارەسەر دەکرێت و بەردەوام بوونی ئەم رەوشەی ئێستا لەوانەیە ئاکامەکەی ببێتە دروست بوون و بەستنی هەندێک رێککەوتننامەی تازە لەنێوان کوتلەکاندا بەجۆرێک رێرەوی پرۆسەی سیاسی عێراق بگۆرێت بۆیە زۆر قازانجە بۆ حکومەتی ئێستا زەمینەیەک برەخسێنێت بۆ چاکسازی و گفتوگۆ کەئەمەش لەبەرژەوەندیی هەموو کوتلە و لایەنەکاندایە.




