ئاڵتان تان: هەر سێ لای توركیا كوردستانە و توركیا ناچارە ئەم راستییە قەبووڵ بكات

دیاربەکر- KDP.info/ پەرلەمانتاری شاری شرناخی بەدەپە حەسیب قاپڵان رایگەیاند كە سێ لای توركیا دەریایە و سێ لای دیكەی كوردستانە و ئەمەیش راستییەكی جوغرافیایی رۆژهەڵاتی ناوەراستە و توركیا ناچارە ئەم راستییە قەبووڵ بكات.
ماڵپەڕی دیاربەكر خەبەر بڵاویكردووەتەوە كە پەرلەمانتاری شاری شرناخی پارتی ئاشتی و دیموكراسی حەسیب قاپڵان رایگەیاندووە كە توركیا ناچارە واز لە سیاسەتەكانی رابردووی بهێنێت و سیاسەتێكی نوێ لە بەرامبەر گەلی كورد پەیڕەو بكات چونكە سێ لای توركیا دەریایە و سێ لای دیكەی كوردستانە و ئەمەیش راستییەكی جوغرافیاییە و توركیا ناچارە دان بەم راستیەدا بنێت.
قاپڵان لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی قۆناغی چارەسەریشی كردووە گوتوویەتی: ئاكەپە كەوتووەتە نێو رێگایەكی بێ كۆتایی و تاریك بۆیە پێویستە ئاكەپە لەو رێگایە بگەرێتەوە و لەگەڵ واقێعیەتەكاندا هەڵسووكەوت بكات، چوونكە زیاتر لە 1000 ساڵە تورك لە گەڵ كورد پێكەوە دەژین و ئێستەیش دەرفەتی ئەوە هەیە كە تا 1000 ساڵی دیكە پێكەوە بمێننەوە.




