مەها دووری: مالیکی و حیزبەکەی دەستیان بەسەر دەستە و تۆری راگەیاندنی عێراقیدا گرتووە

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەکوتلەی ئەحرار، نوری مالیکی بەوە تۆمەتبار کرد کە خۆی و حزبی دەعوە بەسەر بوارەکانی راگەیاندنی عێراقیدا خۆیان سەپاندووە و ئەوەش پێشێلکردنی بەندەکانی دەستورە کەجەخت لەوە دەکاتەوە دەستە و تۆری راگەیاندنی عێراقی دەزگایەکی بێلایەن بێت و دەبێت بۆ هەمووان وەک یەک بێت.
ناوبراو تەئکیدی کردەوە کەئەندامانی دەوڵەتی یاسا تەگەرە دەخەنە بەردەم کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەکارەکانی دەستەی راگەیاندنی عێراقی و دووریش نییە هەندێک لەفەرمانبەرانی لیژنەکە سەر بە حیزبی دەعوە بن و تەنیا کار بۆ بەرژەوەندیی دەوڵەتی یاسا بکەن.
دوری ئاماژەی بەوەش کرد کەئەو زۆر جار لەلایەن کەسانێکەوە رێگای پێ نەدراوە بەشداری بەرنامەکانی کەناڵی ئاسمانی عێراقیە بکات چونکە گلەیی لەئەدای حکومەت هەبووە و لەراستیشدا دەبێت کەناڵەکە سەر بەئەنجومەنی نوێنەران بێت چونکە ئەوان نوێنەری گەلن.
ناوبراو ئاشکراشی کرد کە لەمەودوا ئەوان کاردەکەن بۆ ئەوەی دەستەی راگەیاندنی عێراقی دەزگایەکی بێلایەن بێت.




