حكوومەتی عیراق بڕیاریدا هەر خێزانێكی خاوەن پێداویست بڕی 100 هەزار دیناری جەژنانەیان پێبدرێت

بهغدا –KDP.info / حكوومەتی عیراق بڕیاریدا هەر خێزانیك كە لە فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتییو چاودێری ژنان تۆماركراون بڕی 100 هەزار دیناری جەژنانەیان پێبدرێت ئەوەش لەڕێی وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی. نوسینگەی كاروباری راگەیاندنو پەیوەندییەكان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە : ئەنجوومەن لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا ، بڕیاریدا وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی لەژێر ناوی جەژنانەدا و لەپاشەكەوتی تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی بڕی (100) هەزار دینار بداتە هەر خێزانیك كە لە فەرمانگەی چاودێری كۆمەڵایەتییو چاودێری ژنان تۆماركراون. ئەو بڕیارە لە ئەنجامی پێشنیارێكی وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیدا هاتوە، هەر بەگوێرەی نوسینگەكە. بە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە چوار هەزارو (500) خێزان لە سنوری پارێزگای كەركوكدا سودمەند دەبن كە ناویان لەتۆڕی چاودێری كۆمەڵایەتیدا تۆماركراوە. لە ئێستادا حكومەتی عیراق مانگانە بڕی (100) هەزار دینار، وەكو دەستگیرۆیی بەو بێوەژنانە دەدات كە تەمەنیان لەخوار (60) ساڵییەوەیە، (50) هەزاری دیناریش بۆ ئەوانەی لەسەروی(60) ساڵییەوەن.




