ناوەندی مێژووی توركیا بۆ یەكەمینجار كۆنفرانسێك لە سەر مێژووی كورد رێكدەخات

ئەنقەرە-KDP.info/ ناوەندی مێژووی توركیا لە ماوەی تەمەنی 82 ساڵەی خۆیدا بۆ یەكەمینجاربریاری داوە كە كۆنفرانسێك بۆ مێژووی كورد و مێژووی هاوبەشی كورد و تورك رێك بخات.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی رەسمی ناوەندی مێژووی توركیا بڵاوی كردەوە كە ئەم ناوەندە سەرقاڵی ئامادەكاری بۆ رێك خستنی كۆنفرانسێكی نێونەتەوەیی سەبارەت بە مێژووی هاوبەشی كورد و توركە و بریارە لە سەرەتای ساڵی 2014دا ئەم كۆنفرانسە ساز بكرێت.
سەرۆكی ناوەندی مێژووی توركیا دكتور مەتین هاۆلاگۆ رایگەیاند كە ئارمانج لەم كۆنفرانسە هەڵسەنگاندنی پاشەرۆژی كورد و تورك و هاوپەیمانی نێوان هەر دوو لا بە شێوەیەكی ئاكادەمییانەیە.
ناوبراو باسی ئەوەیشی كردووە كە ناوەندی مێژووی توركیا تا ئێستە سەبارەت بە ئەرمەنییەكان، ئاسوورییەكان و پێكهاتەكانی دیكەی توركیا چەندین كتێبی ئامادە كردووە بەڵام تا ئێستە تەنانەت یەك كتێبیشی لە سەر كورد ئامادە نەكردووە.




