یەكێتی ئەورووپا: كوردستان نموونەی باشی ئاشتەوایی و گەشە پێدانە

یەكێتی ئەورووپا-KDP.info/ پەرلەمانتاری پەرلەمانی ئەورووپا ستڤەنسون سەبارەت بە بارودۆخی كوردستان راپۆرتێكی ئامادە كردووە و رایگەیاندووە كە كوردستان نموونەی باشی ئاشتەوایی و گەشە پێدانە.
لە سەرەتای ئەم راپۆرتەدا كە لە ماڵپەڕی رەسمی یەكێتی ئەورووپادا بڵاو كراوەتەوە ئاماژە بەوە كراوە كە لە نێو هەڵوومەرجی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا كوردستان توانیویەتی ئارامی و تەبایی نێوان پێكهاتەكانی خۆی بپارێزێت و دەست بە بۆژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری و كۆمەڵایەتی خۆی بكات.
لە بەشێكی دیكەی ئەم راپۆرتەدا ئاماژە بە پێكەوە ژیانی برایانەی نێوان پێكهاتە ئەتنیكی و ئاینییەكانی كوردستان كراوە و كوردستانی بە نموونەیەكی زۆر باش و پێشكەوتووی ئاشتی و ئاشتەوایی لە قەڵەم داوە و نووسیویەتی: كوردستان هەر چەند ئەندامی یەكێتی ئەورووپا نییە بەڵام لە رووی دیموكراسی و ئاشتەواییەوە هیچ لە وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەورووپا كەم نییە و كوردستان یەكێكە لە ناوچە هەرە ئارامەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست كە تێیادا ئارامی و ئاسایش لە هەر روویەكەوە دابین كراوە.




